وردەکاریی گیانلەدەستدانی گەنجێکی 20 ساڵان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شارباژێر
رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری ئەو گەنجە تەمەن 30 ساڵانەی کە بە گوللـەی سوپای پاسداران لە ئێوارەی رۆژی هەینی لە سنووری نێوان باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان لە شارباژێر کوژرا، بە کوڵ بۆی دەگرین و دەڵێن، ئەو بۆ پرسەی خزمێکیان چووبووە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەستدا.
داستان رەسوڵ، خەڵکی گوندی مەروێی بوو لە ناوچەی سوێلی شارباژێر کە لە کاتی چوونی بۆ گوندی چۆمانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژرا کە خۆی دانیشتووی گەڕەکی هەواری شارە لە سلێمانی و باوکی منداڵێکی دوو ساڵانە.
سۆران عوسمان، خەڵكی گوندی مەروێیە و دەڵێت، "لە کاتی پەڕینەوەیان لە چەمەکەی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان تەقەیان لێکرا، کاکە داستان شەهید بوو، دواتر خەڵکی گوندی چۆمان زانیان تەقەمان لێدەکەن، یەکسەر هاتن بەهانامانەوە تاوەکو ئەوان پەڕینەوە تەرمەکەمان هێنایەوە."
جگە لە سۆران، دوو کەسی دیکەیش لەو 20 کەسەی گوندی مەروێی بە گوللـەی پاسداران برینداربوون کە یەکێکیان گوللـە بەر روخساری کەوتووە و، لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا، ئەوی دیکەشیان برینەکەی سووکە.
ئاوات تۆفیق، دانیشتووی گوندی مەروێیە و باسی لەوە کرد، "سوپاس بۆ خوا تەندروستییان زۆر باشە، ئەوەیان کە قاچی بریندار بووە زۆر زۆر باشە، ئەوی دیکەیشیان تەندروستیی زۆر باشە، بەڵام فیشەکە لە دەمی داوە و دەبێت نەشتەرگەریی جوانکاری دەم و دان و لووتی بۆ بکەن."
ئەو هاونیشتمانییانەی گوندی مەروێ ویستوویانە بۆ بەشداریکردن لە پرسەی خزمێکیاندا بچنە گوندی چۆمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانمی ئێران گیانیان لەدەستدابوو، بەڵام پێش ئەوەی بچنە سنووری رۆژهەڵاتی کوردستانەوە "هێزەکانی سەرسنووری ئێران بە بیکەیسی تەقەیان لەو کەسانە کردووە."