حدکا وەڵامی ئیتڵاعات دەداتەوە: پێویستمان بەوە نییە داوای هاوکاری لە سی ئای ئەی بکەین

28-10-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئیتڵاعاتی ئێران و سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، بەرپرسانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر لەگەڵ سی ئای ئەی ئەمریکیدا کۆبوونەتەوە. یەکێک لەوانەی ناوی لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەڵێت: "ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی راستی نییە".
 
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران و رێکخراوی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران رایانگەیاند: "رۆژی 20-9-2022، شاندێکی CIAی ئەمریکی لەژێر ناوی شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەردانی بارەگای گرووپی جوداخوازی ناسراو بە (حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران)یان لە شاری هەولێری کوردستانی عێراق کرد و لەگەڵ سەرکردەی ئەو گرووپە ناسراو بە مستەفا هیجری، دیدار و گفتوگۆیان کردووە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "تیمی رێکخراوی سیخوڕی ئەمریکا، سەرەڕای سوپاس و پێزانینیان بۆ یەکگرتنەوەی دووباڵی گرووپەکە، داوایان لێکردوون لەو ئاژاوانەی لە چەند شارێکی کوردستانی ئێران روویانداوە، زیاتر و کاراتر رۆڵ بگێڕن".
 
لەو راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە هەریەکە لە حەمە نەزیف قادری، ئەندامی ناوەندیی رێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کەمال کەریمی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبەکە، محەممەد ساڵح قادری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبەکە و تاهیر مەحموودی، ئەندامی رێبەریی هەمان حیزب لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارییان کردووە.
 
لەوبارەوە کەمال کەریمی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و یەکێک لەو کەسانەی لە راگەیێندراوەکەدا ناوی هێندراوە، رۆژی هەینی 28-10-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ساڵانێکی دوورودرێژە سوپای پاسداران هەواڵی هاوشێوە بڵاودەکەنەوە و ئامانجیان ئەوەیە کاریگەریی حیزبی دیموکرات لەسەر گەلی ئێران و بزووتنەوەی ئێران کەمبکەنەوە".
 
کەمال کەریمی دەڵێت: "هەواڵی هەبوونی کۆبوونەوەی ئەوان لەگەڵ سی ئای ئەی ئەمریکی هیچ بنەمایەکی نییە و سەرلەبەری درۆیە". دەشڵێت، "هیچ دانیشتنێکی ئێمە نەبووە کە ئەوان باسیان کردووە. ئێمە هەر پێویستمان بەوە نییە هاوکاری لە سی ئای ئەی و مۆساد وەربگرین. ئێستاش ئەمریکا بیرلەوە دەکاتەوە کە چۆن لەگەڵ ئێراندا رێکبکەوێت؛ بۆیە ئەمجارەش وەکو رابردوو پڕوپاگەندەکانیان دژی حیزبی دیموکرات هیچ کاریگەری نابێت".
 
زیاتر لە 40 رۆژە و دوای گیانلەدەستدانی کچە کوردی شاری سەقز ژینا ئەمینی، کە باوکی رایگەیاند، دوای دەستگیرکردنی کوژراوە، خۆپێشاندان و ناڕەزایی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە و بەو هۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان

دلێر عەبدولخالق: لەگەڵ چەند لایەنێک دانوستانمان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو

رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو پاشەکشەیەی لە دەنگی بزووتنەوەی گۆڕاندا هەبووە، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی لە هەوڵدان بۆ کاری پێکەوەیی و ئەگەر بگەنە رێککەوتن، گۆڕانکاری لە سەرۆکی لیست و بەربژێرانی بزووتنەوەکەدا دەکرێت