پسپۆڕێک لەبارەی ژەهری جیوە: خەو دەزڕێنێت، پێست دەگۆڕێت و هەناسە تووند دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بافڵ تاڵەبانی، ئاشکرا بووە کە دوو بەرپرسی دیکەی دیاری ناو یەکێتی ژەهرخوارد کراون.
 
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و حەسەن نووری، بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی سلێمانی، بە کاریگەریی ئەو ژەهرەی پێیاندراوە، تەندروستییان تێکچووە. ژەهرەکە پێی دەگوترێت جیوە و چەند کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر مرۆڤ جێدەهێڵێت.
 
د. سەردار نووری، پسپۆڕی کیمیایی دەڵێت، "کاریگەریی لەسە رهەموو سیستەمی لەش هەیە، خەوی دەزڕێنێت، پێستی دەگۆڕێت و هەناسەی تووند دەبێت، بەڵام ئەمە دەکەوێتە سەر ئەو رێژەیەی وەریگرتووە و ئەو کاتەشی کە دەستنیشان دەکرێت بۆئەوەی چارەسەر بکرێت".
 
ئەمە سێیەم سەرکردەی یەکێتییە کە ئەنجامەکان دەریخستووە ژەهرخوارد کراون.
 
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماوەی رابردوودا رایگەیاند، "بەڵێ من دەرمانخوارد کراوم، بەڵێ من بەڵگەم لایە، بەڵێ من دانپێدانانی خەڵکانم لایە، شتی دیکەشم لایە، هۆکاری بڵاونەکردنەوەشی زۆر زۆر روونە".
 
مەلا بەختیار، شەوی رابردوو لە رێگەی میدیاکەیەوە رایگەیاند کە پشکنینە پزیشکییەکان دەریانخستووە ژەهرخوارد کراوە.
 
سەرچاوەیەکی نزیکیش لە حەسەن نووری، ناسراو بە وەستا حەسەن، بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ماوەی رابردوودا چەند نیشانەیەک لە تەندروستیی وەستا حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی سلێمانی دەرکەوتووە و بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنین لە رۆژی 01-10-2021 سەردانی ئەڵمانیای کردووە و دەرکەوتووە ژەهرخوارد کراوە.
 
ژەهری جیوە، بەر لە هەموو ئەندامەکانی لەش، کاریگەریی لەسەر جگەر و گورچیلە دەبێت.
 
د. سەردار نووری، پسپۆڕی کیمیایی ئاماژەی بەوە کرد، "لەوانەیە تووشی مۆمیابوونی جگەر ببێت، دواتر کاریگەریی لەسەر مێشک، هەناسە و هەموو سیستەمەکانی لەش هەیە. ژەهرەکەش لەڕێگەی خواردن، خواردنەوە و دەرزییەوە دەدرێت".
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، مەلا بەختیار رۆژی 20-10-2021 هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتووە و ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە، بەڵام وەستا حەسەن گەڕاوەتەوە کوردستان و تەندروستیی جێگیرە.
 
سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت، پێشتر هەوڵی ژەهرخواردکردنی وەستا حەسەن دراوە و کەسێکیش بەو تۆمەتە دەستگیرکراوە.