رووداو دیجیتاڵ
دوو هەفتەیە لە دهۆک کێشەی کەمیی غاز سەری هەڵداوە و بەڕێوەبەری غازی پارێزگای دهۆکیش دەڵێت، ئەگەر 200 تۆن غازیان بۆ دابین بکرێت هەموو کەموکورتییەکمان پڕ دەبێتەوە.
محەممەد ساڵح، خاوەنی کۆمپانیای سووتەمەنی لە دهۆک گوتی: "لە ماوەی رابردوودا لە 2021/10/12ـدا کە کێشە لە کێڵگەی غازدا هەبوو رۆژانە 75 تۆن غاز دەهاتە دهۆک. ئێستا لە 2021/10/26ـەوە بووەتە 140 تۆن غاز کە هێشتا ئەوەیش بەشی دهۆک ناکات، چونکە ئەو بڕە ساڵی 2014 دیاری کراوە و بۆ هاوینە و، لە زستاندا پێویستیمان زیاد دەکات. لەم دوو-سێ رۆژەدا گاز بۆ هەموو کەس دابین دەبێت. لە زستاندا پێویستمان بە 280 تۆن غازە."
موحسین تەها، بەڕێوەبەری غازی دهۆکیش بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێستا کێشەی کێڵگەی کۆرمۆر چارەسەر کراوە و پشکی پارێزگای دهۆک وەک خۆی دەنێردرێت. ئیدی رۆژانە حەوت تانکەر غاز کە 140 تۆنە دەگاتە دهۆک و دۆخەکە وەک خۆی ئاسایی دەبێتەوە. ئەگەر 200 تۆن غازمان بۆ دابین بکرێت هەموو کەموکورتییەکمان پڕ دەبێتەوە. دهۆک بەپێی وەرز پێویستیی غازی دەگۆڕێت. لە هاویندا 140 تۆن غاز بەشی دەکات، لە وەرزی زستاندا 10 تانکەر بەشی دەکات کە 200 تۆنە."
محەممەد ساڵح، خاوەنی کۆمپانیای سووتەمەنی لە دهۆک گلەیی لە بڕی غازی دابینکراو بۆ دهۆک هەیە و پێیوایە پشکی دهۆک لەوەی هەولێر و سلێمانی کەمترە و ئەوە بێدادییە.
گولیزار رەشید سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "چەندین پێشنیازمان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان داوە. کێشەی غازیش هەر لە دهۆک نییە لە هەولێر و سلێمانییش هەیە. بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە رۆژانە لەسەر هێڵین. جیاوازیی بڕی غازی پارێزگاکان پەیوەندیی بە ژمارەی دانیشتووانەوە هەیە و دەبێت حکومەت ئەو بڕە دەستکاری بکات."
لای خۆیشییەوە هەردی هەورامی، نوێنەری کۆمپانیاکانی غاز لە هەولێر گوتی: "لە هەولێر کێشەی کەمیی غاز هەیە. لە هاویناندا 13-15 تانکەر غاز بەشی هەولێر دەکات، بەڵام لە زستاندا 20-25 تانکەر بەشی ناکات."
ئەرشەد ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی دهۆک گوتی: "ئەم کێشەیە ساڵانە سەر هەڵدەداتەوە. ئێمەی هاووڵاتی نازانین ئەم قەیرانە سرووشتییە یان دەستکردە. ناچێتە ئەقڵەوە هەر ئەو رۆژەی کێشە لە کێڵگەی غازەکەدا دروست بوو، خێرا قەیرانی غاز دروست بوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ