دۆسیەی بكوژی خێزانەكەی رۆژئاڤا رەوانەی دادگای تاوان دەكرێ

رووداو – هەولێر

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا دۆسیەی فەرەیدوون كەریم، بكوژی خێزانە پێنج كەسییەكەی رۆژئاڤای كوردستان رەوانەی دادگای تاوانی هەولێر بكرێ. كەسوكاری خێزانەكە دەڵێن كێشەكە لەسەر كڕینی خانوویەك بووە.
 
رۆژی 2/10/2019 فەرەیدوون كەریم رەمەزان كە دانیشتووی هەولێرە، سەرجەم ئەندامانی خێزانێكی پێنج كەسی كوشت كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بوون. دواتر بكوژ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كرا.
 
محەممەد عیسمەت، ئامۆزای بەسام حوسێن (سەرۆكی خێزانە قوربانییەكە) بە (رووداو)ی راگەیاند: "پێشتر بەسام زەوییەك و خانوویەكی لە فەرەیدوون كڕیوە، بەڵام دواتر كێشەیان لەسەر نرخەكان هەبووە و پێكنەهاتوون. پاشان خانوویەكی دیكەی بە 35 هەزار دۆلار پێ فرۆشتووە و پێیگوتووە نابێ‌ كەس بە مامەڵەكە بزانێ‌، چونكە خانووەكە هی خوشكی فەرەیدوون بووە، یەكێك لە خوارزاكانی بە فرۆشتنی خانووەكە رازی نەبووە، گوتبووی هەر كەسێك خانووەكە بكڕێت و بچێتە ناوی دەیكوژێ، بۆیە فەرەیدوون داوای لە بەسام كردووە چاوەڕێ بكات تاوەكو دوو خانووی بچووك بۆ خوشكەزاكەی دەكڕێت، ئینجا مامەڵەكە ئاشكرا بكەن و بەسام و خێزانەكەی بچنە نێو خانووەكە".
 
چەند رۆژێك پێش رووداوەكە، بەسام لەگەڵ خێزان و منداڵەكانی دەچن بۆ بینینی خانووەكە. لەزگین ئەحمەد، كە ئاوەڵزاوای بەسامە بە (رووداو)ی راگەیاند: "بەسام و سۆلینی خێزانی، دوو رۆژ پێش رووداوەكە چووبوون خانووەكە ببینن. پێشتریش فەرەیدوون پارەی دوو مانگ كرێی خانووەكەی دابوو بە بەسام، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە بەسام خانووەكەی لە فەرەیدوون كڕیوە".
 
محەممەد نەزیر، باوكی سۆلین كە ماوەی 15 رۆژە لە دیمەشقەوە بۆ سۆراخی دۆسیەكە هاتووەتە هەولێر، دەڵێت: "بەسام و كچەكەم دەیانویست خانوویەك بكڕن و لە كرێچییەتی رزگاریان بێت، بەڵام پارەیان بەدەستەوە نەبوو، كوڕێكم لە ئەڵمانیا 7000 دۆلاری بۆ ناردن، برایەكی بەسامیش هەندێك پارەی پێدان، زەوییەكیشمان لە رۆژئاوا فرۆشت، هەزار دۆلاریشمان خستە سەری تاوەكو پارەی خانووەكەمان دابین كرد، بەسام خانووەكەی بە 35 هەزار دۆلار لە فەرەیدوون كڕی، بەڵام پێش ئەوەی بچنە نێو خانووەكە خۆی و خێزانەكەی كوشتن".
 
بە گوتەی باوكی سۆلین، بەسام ئەو رۆژە پەیوەندی بە خزمەكانیەوە كردووە شەو بچن و كەلوپەلەكانیان بگوازنەوە بۆ خانووە تازەكە، بەڵام لەدوای سەعات 3ی دوای نیوەڕۆوە فەرەیدوون بردوونی بۆ دەرەوە و پاشان كۆمەڵكوژی كردوون.
 
كەسوكاری خێزانە كوژراوەكە گلەییان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگایی فەرەیدوون هەیە. محەممەد نەزیر دەڵێ نزیكەی مانگێك بەسەر تاوانەكەدا تێپەڕیوە و هێشتا دۆسیەكەی لەلای دادوەری لێكۆڵینەوەیە، بڕیاریشە لەم دوو رۆژە دۆسیەكە رەوانەی دادگای تاوان بكرێ‌.
 
بەپێی راگەیەنراوێكی ئاسایشی هەولێر كە لە 7-10-2019 بڵاوكرایەوە، فەرەیدوون ددانی بە كوشتنی ئەو خێزانەدا ناوە و گوتوویەتی كێشەیەكی لەگەڵیان هەبووە و نەیتوانیوە چارەسەری بكات، بۆیە كوشتوونی. 
 
باوكی سۆلین دەڵێت: "هیچ شتێك نەماوە بۆ دواخستنی سزاكە، ئێمە و بنەماڵەی بەسامیش بە كەمتر لە سزای لەسێدارەدان بۆ فەرەیدوون رازی نابین".
 
بەسام حوسێن رەسوڵ كە وەستای كاشی و سیرامیك بووە، لەگەڵ سۆلین محەممەد نەزیری هاوژینی و دوو كوڕ و كچێكیان بەناوەكانی حوسێن 11 ساڵ، روشكا 7 ساڵ و محەممەد 5 ساڵ خەڵكی شاری دێركی رۆژئاوای كوردستان بوون، ماوەی شەش ساڵ بوو هاتبوونە هەولێر، ئێوارەی رۆژی 2/10/2019 لە نزیك پیرڕەش لە نزیك كۆمەڵگای كەسنەزان بەدەستی فەرەیدوون كەریم رەمەزان بە گوللە و بەرد كوژران. ئێستا سێ پارێزەری رۆژئاوای كوردستان بەرگری لە دۆسیەی خێزانە كوژراوەكە دەكەن.