رووداو - هەولێر
ئەو ژنە کوردە ئێزدییانەی لە دەستی داعش رزگاردەکرێن، رێگەیان پێنادرێت منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان بگەڕێننەوە بۆیە ناچاردەبن لە شوێنی دیکە جێیانبهێڵن.
ژنە رزگاربووەکە دەڵێت، پێش هاتنەوە پرسیاری ئەوەی لە ئەندامانی خانەوادەکەی کرد: ئایا دەتوانێت بەسام لەگەڵ خۆی بهێنێتەوە، بەڵام ئەوان بە "نەخێر" وەڵامیان دایەوە.
ئوم بەسام، رزگاربووی دەستی داعش باسی ئەو ساتە دەکات کە خانەوادەکەی پەیوەندییان پێوە کردووە و دەڵێ "شەو تەلەفۆنیان بۆ کردم، قسەم لەگەڵداکردن و پێمگوتن باری تەندروستیم باشە، منداڵێکم هەیە و پرسیاریشیمکرد ئایا رێگەم پێدەدەن لەگەڵ خۆمدا بێت؟ ئەوان گوتیان نەخێر، ئێمە رێگەنادەین لەگەڵت بێت. هیچ کچە ئێزدییەک پێشتر ئەوەی نەکردووە. رێگە نادەین منداڵە داعشێک لەگەڵماندا بژی".
بۆیە ئوم بەسام ناچاربوو کوڕە تەمەن نۆ مانگەکەی لە خانەی منداڵانی بێ سەرپەرشتان لە رۆژئاوای کوردستان جێبهێڵێت. ژنە کوردە ئێزدییەکە دڵنیاکرایەوە لەوەی بە باشی چاودێری منداڵەکەی دەکرێت، بەڵام لەو کاتەوە بەسامی نەبینیوە.
خانەکەی تایبەت بە منداڵانی بێسەرپەرشتان لە شارۆچکەی رمێلانە و سەرپەرشتیاری خانەکەش دەڵێت، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی رەققەدا ژن و منداڵی زۆریان وەرگرتن و زۆربەشیان کوردی ئێزدی بوون.
ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە سەر ژنانی کوردی ئێزدیدا هاتووە زۆر سەخت بووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی هەوڵیداوە بۆ گەڕاندنەوەی کوردانی ئێزدی ژێر دەستی داعش و چالاکوانانی کوردانی ئێزدیش دەڵێن، گرنگە یارمەتی ژنانی رزگاربوو بدرێت؛ ژیانێكی نوێ دەستپێبکەنەوە، بەڵام زەحمەتە منداڵی چەکدارانی داعش لەنێو کۆمەڵگەکەیاندا جێیان ببێتەوە.
خدر دۆمڵی، چالاکڤانی کوردی ئێزدی دەڵێ "زەحمەتە بۆ ژنێکی ئێزدی رزگاربوو منداڵەکەی بگەڕێنێتەوە، چونکە لەوە دەچێ باوکی منداڵەکە لە کوشتنی بەکۆمەڵدا بەشداربووبێت. من وەکو خۆم رزگاربوو دەناسم کە وەکو کۆیلە لای خانەوادەی داعش بوون و ئەو خانەوادانەش لەو کوشتنە بەکۆمەڵانەدا بەشداربوون، کە لە حەردان و کۆچۆ و گرعوزێر و سیپا شێخ خدر روویاندا".
داعش لە سێی ئابی 2014 هێرشی کردە سەر شنگال و دەوروبەری و کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، هەزاران کوردی ئێزدیشی رفاندن. لە تشرینی دووەمی 2015 شنگال لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکرایەوە و رزگارکردنی کچ و ژنانی رفێنراوی کوردانی ئێزدیش تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ