پاککردنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر دەستیپێکردووە

رووداو - هەولێر

دەستکرا بە پاککردنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر و لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستان بەپەلە یارمەتی پێشکەشی ئەو دووکاندارانەی بازاڕەکە دەکرێت، کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە زەرەرمەند بوون، هەروەها ئەو دووکاندارانەی دوکانەکانیان نۆژەندەکەنەوە لەسەر ئەرکی حکومەت سەرجەم خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابیندەکرێت.

بەمەبەستی چۆنییەتی قەرەبووکردنەوەی دووکاندارەکانی بازاڕی لەنگەی هەولێر بڕیارە پارێزگاری هەولێر لەگەڵ لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی کۆببێتەوە.

بەشێک لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە (28-10-2018)ـی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر تایبەت بوو بە پرسی سووتانی بازاڕی لەنگە و چۆنییەتی دروستکردنەوەی بازاڕەکە. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت بەفەرمی داوادەکەین: حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو دووکاندارانەی زیانیان پێگەشتووە، بۆ ماوەیەک لە باج و پارەی خزمەتگوزاری ببەخشێت.

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ئاگرەکە نزیکەی 800 دووکان سووتان.



پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار