لەسەر سزادانی دەرهێنەرێكی كورد ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا دێنەدەنگ

رووداو- هەولێر

ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا، لە نامەیەکدا بۆ سەرۆککۆماری ئێران، داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی دادگای شۆڕشی تاران بۆ کەیوان کەریمی، دەرهێنەری کورد دەکەن.

کەیوان کەریمی، دەرهێنەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن لقی 28ی دادگای شۆڕشی تارانی پایتەختی ئێرانەوە، بەسەرۆکایەتی دادوەر محەممەد مۆقیسە، بە شەش ساڵ زیندانی و لێدانی 223 قامچی سزادراوە، تاوانی ناوبراو  "بێڕێزی بە پیرۆزییەکان و، پەیوەندی ناشەرعی لەڕێی تەوقەكردن و ماچەوە" راگەیێندراوە.

45 پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپای سەر بە چەند گرووپێکی سیاسی جیاواز، وێڕای پاڵپشتیکردن لە کەیوان کەریمی، نامەیەکیان ئاراستەی حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئێران کردووە و، داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی کەیوان کەریمی-یان لێکردووە.

کۆپییەکی نامەکەی ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بۆ رووداو نێردراوە و رووداویش دەقەكەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی.

نامەیەک بۆ بەڕێز حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران:



ئێمە ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا لە چەند گرووپێکی سیاسی جیاوازەوە، زانیومانە کە دەرهێنەر کەیوان کەریمی، لە 13 ی ئەم مانگەدا بڕیاری شەش ساڵ زیندانیكردن و لێدانی 223 قامچی بەسەردا سەپێندراوە.

کەریمی لە ساڵی 2013 دا لە زیندانی تاکەکەسیدا زیندانیکراوە،  پاشان بە دانانی بارمەتە بەشێوەی سنووردار و ئازادکراو، بڕیاری قەدەخەکردنی چوونەدەرەوی وڵاتی بەسەردا سەپێندراوە.

ئێمە نامانەوێت دەست لە کاروباری ناوخۆیی ئێراندا وەربدەین، بەڵام ئێران جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و( پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە سیاسی و مەدەنییەکانی ساڵی 1966ی زایینی)ی پەسەندکردووە، ئەو حوکمە دژایەتی تەواوی لەگەڵ جاڕنامەی مافی مرۆڤ و بەرپرسیاریێتییە نێودەڵەتییەکان هەیە، هەم لەبواری ئازادی رادەربڕین و هەمیش لە بواری بەرز راگرتنی کەرامەتی مرۆڤ و، سەڵامەتی جەستە و ئەخڵاقی مرۆڤەکان.

بەو هۆکارانە ئێمە داواکارین لە بەرێزتان، لە هەنگاوێکی بەپەلەدا، لە چوارچێوەی ئەرکەکانتاندا بڕیاری دادگا هەڵبووەشێنەوە. ئێمە خوازیاری ئەوەین سەرجەم کۆت و بەندە یاساییەکان لەسەر کەیوان کەریمی لابچن، بەمەبەستی پاراستنی ئازادی رادەربڕین و هاتووچۆ،  لەسەر بنەمای یاسا و رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان، کە وڵاتەکەی ئێوە پەسەندیکردوون.

لەگەڵ رێزمان بۆ ئێوە





هەفتەی رابردووش ناوەندی نووسەران، دەرهێنەران و سینەماکارانی فەرەنسی، کە  بە "ئەی ئاڕ پی" ناسراوە، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای نیگەرانی دەربرین سەبارەت بە بارودۆخی کەیوان کەریمی ، حوکمی دادگای شۆڕشی تارانیان بۆسەر ناوبراو ئیدانەکردبوو.

کەیوان کەریمی رۆژی پێنجشەممە 15 ی تشرینی یەكەمی 2015 لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، وێڕای رەتکردنەوەی تۆمەتەکانی دادگا گوتی: " من فیلمم سەبارەت بە حکومەت، بارودۆخی کۆمەڵگە، نووسینی سەر دیوارەکان و چینی کرێکار دروستکردووە، ئەوە خەڵکن کە دەبێ لەسەر بەرهەمەکانی من بڕیاربدەن، نازانم چی روویداوە کە من بەو شێوەیە سزادەدرێم " .



ئەمیر رەئیسیان، پارێزەری کەیوان کەریمی سەبارەت بە دۆسیەی ناوبراو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " یەکێک لەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ کەریمی بێڕێزیكردنە بە پیرۆزییەکان، بەهۆکاری ئەوەی ویستوویەتی کلیپێک دروستبکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر نەگەیشتووەتە رێککەوتن ئەو کلیپەی دروستنەکردووە، دادگاش خوێندنەوەی وایە کە کەریمی تووشی بێڕێزی بە پیرۆزییەکان بووە، لەکاتێکدا کە ئەو کلیپە دروستنەکراوە، ئێمەش لە دادگا ئەوەمان گوتووە کە لە بنەڕەتدا ئەو کارە ئەنجامنەدراوە و ناکرێ بۆ کارێک کە نەکراوە کەسێک سزابدەی، ئەو پێشنیازەش کە بە کەریمی دراوە، پەیوەندی بە بێرێزیکردن بە پیرۆزییەکانەوە نییە ".

بەگوتەی ئەمیر رەئیسیان، یەکێکی دیکە لەو کارانەی کە لە دۆسیەی کەیواندا ئاماژەی پێکراوە، فیلمی دۆکیۆمێنتاری "دیوار" بووە، ناوبراو لەو بوارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " فیلمی دیوار تایبەتە بە مێژووی گرافیتی واتە دیوارنووسی لە تاران و هیچ پەیوەندییەکی بە بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانەوە نییە ". هەروەها بەگوتەی پارێزەری رەئیسیان، کەیوان کەریمی بە تاوانی پەیوەندی ناشەرعی لەڕێی "ماچ و دەستلێدانەوە لەگەڵ کەسی نامەحرەم" ، بە لێدانی 223 قامچی سزادراوە.

کەیوان کەریمی لەدایکبووی ساڵی 1985ی زایینی لە شاری بانەی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە ، فیلمی "سنووری شکاو"  کە باس لە باردۆخی کاسبکارانی کورد لەسەر سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، فیلمی "ژن و مێرد" لە نووسینی ئیتالۆ کالوینۆ نووسەری ئیتاڵیایی و فیلمی داکیۆمێنتاری "دیوار" کە باسی مێژووی دیوارنووسی لە تاران دەکات،  لەناودارترین کارەکانی ئەو سنەماكارە كوردەن، ناوبراو تا ئێستا دەیان خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناون.