وەزارەتی بازرگانی: چەكی قەرەبووی بەشەخۆراك گەیشتووە

28-10-2014
محەممەد هادی
نیشانەکردن بەشەخۆراك
A+ A-

رووداو- هەولێر

پارەی بەشەخۆراكی فەوتاوی هاووڵاتیانی كوردستان بەچەكی بانكی گەیشتووەتە وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو پارەیە بەشێوەی نەختینە لە رێگای بانكی ناوەندی هەرێمەوە بگات و لە رێگای بریكارەكانەوە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشبكرێت.

ئەحمەد حوسێن، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، پارەی قەرەبووی هاووڵاتیان بەشێوەی چەكی بانكی گەیشتووە و تەنیا چەند رێكارێكی بانكی هەیە كە دەبێت بانكی ناوەندی بیگرێتە بەر بە مەبەستی گونجاندنی چەكە بانكیەكان لەگەڵ بانكی ناوەندی، دوای ئەوەش هەر لە رێگای بانكی ناوەندییەوە، كۆمپانیای كەلوپەلی خۆراك كە سەربە وەزارەتی بازرگانی عێراقە ئاگادار دەكرێتەوە بۆ ناردنی بڕی پارەكە بەشێوەی نەختی و میكانیزمەكانی قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیان لەلایەن ئەو كۆمپانیایەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

لە دوا كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی پێشووی عێراق بڕیار لەسەر قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیانی عێراق درا، كە بەهۆی هێرش و پەلامارەكانی چەكدارانی (داعش) نەتوانرابوو بەشەخۆراكی مانگانەیان بدرێتێ‌.

 ئەحمەد حوسێن دەربارەی قەرەبووی ئەو خۆراكانەی كە هاووڵاتیان وەریدەگرن، رایگەیاند كە بەشە خۆراكەكان بریتین لە شەكری سێ مانگ، زەیتی دوو مانگ، برنجی شەش مانگ كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەسەر هاووڵاتیان دابەش نەكراوە و بڕی قەرەبووەكەش بۆ هەر هاووڵاتییەك 17 هەزار دینار دەبێت بۆ هەر شەش مانگەكە.

سەبارەت بە بڕی قەرەبووی بەشەخۆراكی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان گوتەبێژەكەی وەزارەت ئاماژەی بەوەكرد كە بڕی 81 ملیار دینار تەرخانكراوە بۆ هەرێمی كوردستان (هەولێر  27 ملیار دینار، سلێمانی 30 ملیار دینار و دهۆك  24 ملیار دینار).

بەڵام ناوبراو گوتی لە پارێزگای دهۆك بڕی 779 ملیۆن دینار پارەی قەرەبووەكە كەمتر ئەژماركراوە، بۆ ئەو مەبەستەش و لە رێگای نووسراوێكەوە وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە وەزارەتی بازرگانی عێراق كردووە ئەو بڕە پارەیەش بخرێتە سەر بەشە قەرەبووی پارێزگای دهۆك.

دەربارەی كاتی دابەشكردنی پارەی قەرەبووی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند، ئێستا چەكی بانكییەكان هاتوونەتە بانكی ناوەندی هەرێم و بڕیارە لە نزیكترین كاتدا ئەو بڕە پارەیە بەشێوەی نەختینە بگاتە بانكی ناوەندیی هەرێم و دوای ئەوەش بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراك لە رێگای چەكی بانكییەوە پارەكە وەردەگرن و بەسەر هاووڵاتیانی دابەش دەكەن.

سەبارەت بەو ئاوارانەی عێراق كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن و چۆنیەتی وەرگرتنی قەرەبووی بەشە خۆراكی ئەو ئاوارانە، ئەحمەد حوسین گوتی كە ئەوان خەریكی كۆكردنەوەی داتان لەسەر خێزانە ئاوارەكان و ئەو داتایانە دەدەنە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە مەبەستی قەرەبووكردنەوەیان لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە