بڕیارە لیوایەکی هاوبەش لە سنووری نێوان کفری و خورماتوو جێگیر بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لیوای یەکی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری نێوان قەزاکانی کفری و خورماتوو جێگیر دەکرێت.
 
ئەمڕۆ شەممە، فەرماندەی لیوایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوورەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو شوێنەی لیواکەی تێدا جێگیر دەکرێت ئەو ناوچانە دەگرێتەوە بۆشایی ئەمنییان تێدایە و داعش جموجووڵی تێدایە."
 
ئێستا فەوجێکی لیوا هاوبەشەکە لەنێوان کفری و خورماتوو سەرقاڵی جێگربوونن و لە قۆناخی یەکەمدا 15 رەبیەی سەربازی لە سنوورەکە دروست دەکەن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، فەوجەکانی دیکەش لەو ناوچانە جێگیر دەکرێن کە بە بۆشایی ئەمنی ناسراون.
 
فەرماندە سەربازییەکەی پێشمەرگە گوتی، "بۆشایی ئەمنی لە سنووری خوورماتوو - کفری و حەمرین هەیە و بۆ داعش گرنگن. لیواکە جێگیر ببێت، 80%ـی جووڵەی داعش لەو سنوورە کۆنترۆڵ دەکرێت."
 
لیوا هاوبەشەکە زۆرینەی ئەو پێشمەرگانەن پێشتر لەژێر ناوی لیوای 20دا لە هەرێمی کوردستان دەستبەکاربوون. ئێستا لەگەڵ سەربازی دیکەی سوپای عێراق تێکەڵکراون.
 
بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 دروستبوو.
 
رێگەی نێوان قەزای کفری لە ئیدارەی گەرمیان و قەزای خوورماتوو لە باشووری کوردستان کە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە، لەماوەی رابردوودا چەندین جار چەکدارانی داعش کردەی جیایان تێدا کردووە. لەوانە رفاندنی خەڵک و هێرشکردنەسەر هێزە عێراقییەکان.
 
لیوا هاوبەشەکە فەرمان لە وەزارەتی بەرگریی عێراق وەردەگرێت و هەموو شایستەکانیشی هەر سەر بە حکومەتی عێراق دەبن.