رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژ بەسەر دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردندا تێپەڕدەبێت. کۆمیسیۆن دەڵێت، لە بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک 12 سەرپێچییان تۆمار کردووە.
ئەمڕۆ شەممە 28ی ئەیلوولی 2024 نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای دەستپێکی بانگەشەوە تاوەکو ئەمڕۆ کاژێر 10:00، لیژنەکانی چاودێریی بانگەشەی هەڵبژاردن 12 سەرپێچییان تۆمار کردووە."
گوتیشی، "ئەو 12 سەرپێچییە، پێنج لە هەولێر، پێنج لە سلێمانی و دوویش لە دهۆک تۆمار کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا لە بازنەی هەڵەبجە هیچ سەرپێچییەک تۆمار نەکراوە."
سەبارەت بە سزادانی سەرپێچیکاران، نەبەرد عومەر دەڵێت، "دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەکان، کۆمیسیۆن بە فەرمیی جۆر و شێوازی سزای سەرپێچیکارەکان رادەگەیێنێت."
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، چەند سزایەکی بەگوێرەی جۆری سەرپێچی دیاریکردووە لەوانە؛ پێبژاردن کە بەربژێر بە پارە سزا دەدرێت؛ دەستگیرکردن هەیە لە مانگێک تاوەکو ساڵێک؛ ئەگەر سەرپێچییەکەش گەورە بێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانێت ئەو بەربژێرە دووربخاتەوە.
20ـی تشرینى یەکەم دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، دوو رۆژ بەر لەوە دەنگدانى تایبەت بەڕێوەدەچێت. بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ماوەی 20 رۆژ بەردەوام دەبێت، واتە تاوەکو رۆژی 15ـی ئۆکتۆبەری 2024.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ