مەسرور بارزانی: ئایندەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەم هەڵبژاردنەوە بەندە
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەنکار، وەبەرهێنەر، بازرگانان و ئەندامانی ژووری بازرگانانی هەولێر کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە گرنگی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد و گوتی: "ئەم هەڵبژاردنە ئایندەی قەوارەی هەرێمی کوردستانی پێوە بەندە".
رۆژی شەممە، 28ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ژووری بازرگانی هەولێر گوتارێکی پێشکێش کرد.
مەسرور بارزانی لە سەرەتای گوتارەکەیدا هەڵبژاردنەکەی بە "چارەنووسساز" ناوبرد و گوتی، "راستە دەگوترێت هەموو هەڵبژاردنێک چارەنووسسازە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە بەتایبەت چارەنووسسازە، چونکە ئایندەی قەوارەی هەرێمی کوردستانی پێوە بەندە".
مەسرور بارزانی رووی لە ئامادەبووان کرد و گوتی، لەم هەڵبژاردنە "هەر بڕیارێک بدرێت، ئێمە بڕیار لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان دەدەین، بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆتان دەدەن، بڕیار لەسەر ئایندەی خۆتان، منداڵەکانتان و کار و کاسبیتان دەدەن".
"پارتی لە پەیامەکانی راستگۆ بووە"
مەسرور بارزانی باسی لە پەیامەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "پارتی راستگۆ بووه له به‌ڵێنه‌كانی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان، له خه‌بات و تێكۆشانی خه‌ڵكی كوردستان، له‌وه‌ی كه مساوه‌مه‌ی له‌سه‌ر هیچ مافێكی ده‌ستووری و یاسایی و ئاسایی خه‌ڵكی كوردستان نه‌كردووه".
مەسرور بارزانی دروستبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان و دروستبوونی پارتە سیاسییەکانی دیکەی بە جیاواز ناوبرد و گوتی، "پارتی دروست بوو، چونكه بوونی ئێمه وه‌كو نه‌ته‌وه، نیشتمانی ئێمه وه‌كو كوردستان، له‌ژێر مه‌ترسی له‌ناوچووندا بوو، ئه‌وان دروست بوون بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، چونکە لە پارتی جیابوونەوە".
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "داخه‌وه لایه‌نی دیکە هه‌بوون له كوردستان په‌نایان بردووه‌ته به‌ر تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ ئه‌جێندایه‌كی ده‌ره‌كی له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی كوردستان بۆ لاوازتركردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بپارێزن."
مەسرور بارزانی باسی لە دروشمی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان کرد و گوتی، ئەگەر سەیری دروشمەکانیان بکەین، زۆر بە راستگۆیانە گوزارشت لە کردارەکانیان دەکەن و دەڵێن "رایدەگرین"، "ئیتر بەسە"، "تێکی دەدەین"، "نایهێڵێن"، "دەیوەستێنین".
مەسرور بارزانی لەبارەی ئەو دروشمانەوە گوتی: "ئەم جۆرە دروشمانە هەمووی دروشمی تێکدان و خراپکاری و وێرانکاری و تاریکی و وەستاندن، نەمبینی یەکێک باسی ئایندە و ئومێد بکات، یان باسی پێکەوەژیان و سەرکەوتن بکات، یان باسی باشترکردنی دۆخی خەڵکی کوردستان بکات، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان."
لەبارەی ئەو هێرشانەی لە بانگەشەدا دەکرێنە سەر پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی گوتی "نامەوێ وه‌ڵامی قسه‌ی سووكی كه‌س بده‌مه‌وه، چونكه قسه‌ی سووك زۆر هه‌رزانه، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت ده‌توانێت قسه‌ی هه‌رزان و سووك بكات، به‌ڵام هه‌موو كه‌س هه‌رزان و سووك نییه ئه‌و قسانه بكات".
هەروەها گوتی: "ده‌مه‌وێ له جیاتی ئه‌وه‌ی باسی گرفته‌كان بكه‌ین، باسی تێكدان و را‌گرتن و وێرانكردن و نه‌هێشتن و ئه‌و جۆره دروشمانه بكه‌ین، ده‌مه‌وێ لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ بكه‌ینه‌وه، كه پارتی به‌م جۆره سه‌یری هه‌ڵبژاردن ده‌كات، ئێمه ده‌مانه‌وێ رووی گه‌شی ئه‌م هه‌ڵبژادنه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خۆمان باس بكه‌ین، باسی ئاوه‌دانی بكه‌ین، باسی ئه‌وه بكه‌ین چۆن ژیانمان باشتر بكه‌ین؟ باسی ئه‌وه بكه‌ین منداڵه‌كانمان چۆن به‌خته‌وه‌رتر بن؟ باسی ئه‌وه بكه‌ین داهاتمان چۆن زیاتر بێت؟ باسی ئه‌وه بكه‌ین، ئه‌و قه‌یران و كێشه و گرفتانه‌ی كه هه‌یه، ئیتر جارێكی تر نه‌بنه‌وه به سه‌ردێڕی هه‌واڵه‌كان".
لەبارەی جیاوازی پارتی و لایەنەکانی دیکە زیاتر گوتی "ئێمه ده‌مانه‌وێت هه‌نگاو به‌ره‌و ئایینده‌یه‌كی رووناكتر بنێین، نامانه‌وێت له تاریكی‌دا بژین، ده‌مانه‌وێت به‌ره‌و رووناكی هه‌نگاو بنێین، جیاوازی ئێمه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه ئه‌وه‌یه، هیچ په‌یامێكیان پێ نییه بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان به‌ره‌و كوێ بچێت؟ به‌ڵكو ته‌نیا هه‌وڵیان ئه‌وه‌یه پارتی رابگرن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانێت سه‌ركردایه‌تی ئه‌م گه‌ل و نیشتمانه بكات و به‌ره‌و قۆناغێكی رووناكتر هه‌نگاو بنێت. ئێمه ده‌ستمان كردووه بۆ گه‌یشتن به قۆناغێك و ئه‌وان ده‌یانه‌وێت رێگریمان لێ بكه‌ن و نه‌گه‌ینه ئه‌و قۆناغه. واته دوو ئامانجی زۆر جیاوازمان هه‌یه، ئێمه روومان له پێشكه‌وتنه، ئه‌وان روویان له پاشخستنه، ئێمه روومان له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه، ئه‌وان روویان له تێكدان و خراپكردنه"
هەر لە گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، "هەندێک کەس هەوڵی ئەوەیان داوە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت، مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل و لاواز بکرێت، مافەکانی خەڵکی کوردستان رادەستی دەسەڵاتی فیدراڵی لە بە‌غدا بکرێت، مووچە و بودجە رابگیرێت، دابەشی و جیاکاری لە کوردستان دروست ببێت. شکۆی پێشمەرگە بشکێت و خاکی هەرێمی کوردستان رادەست بکرێت، لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان ئامادەبوون ئەم قەوارەیە تەواو تێک بدەن".
"بەرەی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان"
مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد لە بەرامبەر ئەو بەرەیەی کە هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدات، پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکردایەتی بەرەی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات.
مەسرور بارزانی گوتی، "به‌ره‌ی پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌ره‌ی رێزگرتنه له خوێنی شه‌هیدان، به‌ره‌ی رێزگرتنه له خه‌باتی پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی خۆڕاگری كوردستان، به‌ره‌ی ئاوه‌دانی و روو له ئایینده، به‌ره‌ی گه‌شه‌كردنی كوردستان، به‌ره‌ی ئومێدبه‌خشینە به گه‌نج و نه‌وه‌ی نوێی گه‌له‌كه‌مان".
مەسرور بارزانی داوای لە ئامادەبووان کرد بەشداری دەنگدان بکەن و لەوبارەیەوە گوتی، "ئەگەر ئێوه ده‌نگ نه‌ده‌ن، خه‌ڵكی دیكه له جیاتی ئێوه ده‌نگ ده‌دات، خه‌ڵكی دیکە بڕیار له‌سه‌ر ئایینده‌ی ئێوه ده‌دات، له‌سه‌ر منداڵه‌كانی ئێوه بڕیار ده‌دات، له‌سه‌ر شێوازی ژیانی ئێوه بڕیار ده‌دات، بڕیار له‌سه‌ر شێوازی كار و كه‌سابه‌تی ئێوه ده‌دات".
"دەمانەوێت ئاسایشی خۆراک دابین بکەین"
مەسرور بارزانی باسی لە گرنگیدانی حکومەت بە کەرتی کشتوکاڵ کرد و گوتی، "گرنگیدانی ئێمه به كشتوكاڵ بۆ ئه‌وه‌یه ئاسایشی خۆراك بۆ وڵاته‌كه‌مان دابین بكه‌ین، له هه‌مان كاتدا بۆ ئه‌وه‌یە ببین به سه‌به‌ته‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی وڵاتانی دیكه و وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان بده‌ین".
هەروەها مەسرور بارزانی ئاماژەی بە بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ لە کشتوکاڵکردندا کرد و گوتی، ئەگەر بتوانین سوود لە تەکنەلۆژیا و زانستی نوێ وەربگرین، دەتوانین بەرهەمە ناوخۆییەکانی کوردستان زیاتر بکەین.
هەروەها جێگری سەرۆکی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، حکومەت هەوڵی داوە کە بەرهەمی جووتیاران ساخبکاتەوە و هاوکار بێت لە هەناردەکردنی بەروبوومی جووتیارانی کوردستان بۆ دەرەوە.
یەکێکی دیکە لەو سێکتەرانەی کە مەسرور بارزانی ئاماژەی پێ‌کرد، کەرتی گەشتیاری بوو. مەسرور بارزانی لەوبارەیەوە گوتی، بابه‌تی گه‌شتوگوزار یه‌كێكه له‌و بابه‌تانه‌ی ئێمه گرنگی پێ ده‌ده‌ین".
هەروەها مەسرور بارزانی ئاماژەی بە بایەخدانی حکومەت بە کەرتی پیشەسازی کرد‌و بە یەکێک لە "کەرتە گرنگەکان" ناویبرد، گوتی "مەبەستمانە زۆر گرنگی بە کەرتی پیشەسازی بدەین".
مەسرور بارزانی باسی لە کەرتی پەروەردەش کرد و باسی لەوە کرد، حکومەت بەردەوام هەوڵیداوە گرنگی بەو کەرتە بدات، حکومەت دەیەوێت ئاستی خوێندن بەرەو پێشەوە ببات و گوتی "وەبەرهێنان لە کەرتی پەروەردە باشترین وەبەرهێنانە".
کەرتی تەندروستیش یەکێک بوو لەو کەرتانەی کە مەسرور بارزانی باسی لە بەرەوپێشچوونی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "دەبێت کەرتی تەندروستی لە کوردستان بگاتە ئاستێک کە هەموو کەسێک لێی سوودمەند بێت".
مەسرور بارزانی باسی لە سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان کرد: "ئەگەر سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکیمان لە کوردستان هەبێت، ئەوا دەتوانین ئابووری کوردستان دە هێندە بەهێز بکەین".