رێکخەری ژووری یاسایی گۆڕان: بدەن لە ملیشم ناڵێم دەستنیشانکردنی رێکخەری گشتی یاساییە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شیراز رەئوف
رووداوی ئەمڕۆ.
رووداوی ئەمڕۆ.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت دەستنیشانکردنی دانا ئەحمەد مەجید بەو میکانیزمە و لە دەرەوەی جڤاتی نیشتمانی یاسایی نییە و گردی زەرگەتەش بە فەرمی و یاسایی موڵکی کوڕانی نەوشیروان مستەفایە، بەڵام داخستنی کارێکی دروست نییە.
 
چۆمان محەممەد، رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان و سەرۆکی لیستی ئەو بزووتنەوەیە لە پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشی پەرلەمانی کوردستان، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: "دەستنیشانکردنی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان بەو میکانیزمە یاسایی نییە و بەپێی دەستووری ناوخۆیی بزووتنەوەکە پێویستبوو رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لەنێو جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردرێن".
 
"بدەن لە ملیشم ناڵێم دەستنیشانکردنی رێکخەری گشتی بەمجۆرە یاساییە،" چۆمان محەممەد وای گوت.
 
گوتیشی: بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی کێشەی تۆماری دەنگدەرانەوە لە هەڵبژارنە ناوخۆییەکان نەیتوانی رێکارە پەیڕەوی و یاساییەکان تەواو بکات و رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەستنیشان بکات.
 
ئەو گوتانەی رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان لەکاتێکدایە ئەمڕۆ (شەممە 28/9/2024) بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، مەراسیمێکیان بۆ رێزلێنان و ماڵئاوایی لە عومەر سەید عەلی رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە ئەنجامدا، دوای ئەوەی کە لەلایەن کوڕانی نەوشیروان مستەفا رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە بۆ رێگریی لەو رێوڕەسمە رۆژی هەینی (27/9/2024) دەرگای مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان بە بەربەستی کۆنکرێتی داخرا و دەوام لە ژوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکە راگیرا.
 
لەبارەی داخستنی دەرگەی گردی زەرگەتە کە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانە، رێکخەری ژووری یاسایی ئەو بزووتنەوەیە دەڵێت: نەدەبوو ناکۆکییە ناوخۆییەکانمان بگاتە ئاستی بەزاندنی هێڵی سوور و گوتیشی: "گردەکە لەرووی یاساییەوە موڵکی کوڕانی نەوشیروان مستەفایە، بەڵام داخستنی بەرووی گۆڕاندا کارێکی نادروست و هەڵەیەکی گەورە بوو".
 
هەروەها گوتی: "بە دڵنیاییەوە بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەر پێویست بکات، لە دەرەوەی گردی زەرگەتە بارەگای خۆی دەکاتەوە و کاروبارەکانی تێدا رادەپەڕێنێت".
 
ناکۆکی و ململانێیەکانی نێو بزووتنەوەی گۆڕان دوای ئەوە بەتەواوی زەقبووەوە، کە رۆژی پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024 لە فەرمانگەی دادنووسی سلێمانی عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بریکارنامەیەکی فەرمی بە ژمارە '30874' بۆ دانا ئەحمەد مەجید کردەوە و بەپێی بریکارنامەکە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان سەرجەم دەسەڵاتەکانی کارگێڕی، دارایی، بەکارهێنان و بەکرێدانی موڵک و واژۆکردنی بەڵگەنامە و گرێبەستەکان و هەڵوەشاندنەوە و هەموارکردنەیانی بە دانا ئەحمەد مەجید داوە، جگە لە کڕینی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوە. 
 
دواتر بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و بریکارنامەکە و دەستنیشانکردنی رێکخەری نوێی بزووتنەوەکەیان بەوشێوەیە بە نایاسایی ناوبرد و رەتیانکردەوە.
 
رۆژی هەینی (27/9/2024) دوای داخرانی دەرگای مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان بە بەربەستی کۆنکرێتی، نما و چیا نەوشیروان مستەفا لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەیان بەوەدابوو "لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی هەڵبژێردراوی جڤاتی نیشتیمانی وەک بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردان لە بزوتنەوەی گۆڕانداو بۆ بەرگرتن لە دروستبوونی هەر گرژیەک لەنزیک ئارامگای باوکمانەوە، پێمانباشە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گردی زەرگەتە دەوامی تێدا نەبێت، هەتا باردودۆخەکە هێور ئەبێتەوە".
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی کوژراوەکە.

هاونیشتمانییەک لە بەستۆڕە بە دەستی مامی هاوژینەکەی کوژرا

ئەمڕۆ شوکر محەممەد عەلی، مامی کوژراوەکە بە رووداوی گوت: "ئێوارەی ئەمڕۆ دەوروبەری کاژێر 17:00، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، برازام نێچیر عوسمان محەممەد بە دەستی ئامۆزایەکی خۆی کوژرا."