عومەر سەید عەلی دەسەڵاتەکانی رادەستی دانا ئەحمەد مەجید کرد

 
رووداو دیجیتاڵ
 
عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لە رێوڕەسمێکدا دەسەڵاتەکانی رادەستی دانا ئەحمەد مەجید کرد. گوتەبێژی بزووتنەوەکەش دەڵێت، بڕیاری داخستنی دەرگای مەکۆی سەرەکی بەڕووی هاوڕێکانی کاک نەوشیروان مستەفا و گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاواندا "بڕیارێکی هەڵەیە."
 
 رێوڕەسمی رادەستکردنی دەسەڵاتەکانی رێکخەری گشتیی گۆڕان لە پارکێکی سلێمانی بەڕێوەچوو، ئەوەش بەهۆی داخستنی گردی زەرگەتە کە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانی لێیە، لەلایەن کوڕانی نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەری بزووتنەوەکە. 
 
دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، "هەرکەسێک لە پشت بڕیاری داخستنی دەرگای مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان بێت بەڕووی هاوڕێکانی کاک نەوشیروان مستەفا، گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوان، بڕیارێکی هەڵەی داوە. ئەو شوێنە پانتایی گشتییە و هیچ کاتێک نابێتە موڵکی تایبەتی. ئێمە چاومان لە بیروباوەڕ و تێڕوانین، خزمەت و ئاکاری بزووتنەوەی گۆڕانە. ئێمە چاومان لە موڵکی کاک نەوشیروان نییە. بەڵکو چاومان لە روانگەی کاک نەوشیروانە بۆ خزمەتکردنی بزووتنەوەی گۆڕان."
 
سەبارەت بەوەی کە بۆچی دەستاودەستەکەی گۆڕان نەبردراوەتە جڤاتی نیشتمانی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی، "ئەگەر رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق نەبووایە، دەمانویست بەگوێرەی رێکارە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن لەناو جڤانی نیشتمانی هەڵبژێرین، بەڵام کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بە نووسراو پێیان راگەیاندین لەم قۆناخەدا ئێوە ناتوانن بەو میکانیزمە رێکخەری گشتی هەڵبژێرن. دەستووری نێوخۆیی گۆڕان، کە پەسندکراوی کۆنفرانسی دووەمی گۆڕانە کە مانگی یەکی ئەم ساڵ بەسترا، چەند خاڵێکی دژی لەگەڵ یاسای پارتە سیاسییەکانی عێراق هەیە."
 
بەگوێرەی گوتەبێژی بزووتنەوەکە، ئەوە وایکردووە عومەری سەید عەلی لەڕێی بریکارنامەیەکەوە دەسەڵات ببەخشێتە کەسێکی متمانەپێکراو، بۆ ئەوەی لە ماوەی شەش مانگدا گۆڕان بەشداری خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات. هەروەها ئەو کەسە بەرپرسە لە بەستنی سێیەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەکە. هاوکات دەبێت لە سێیەمین کۆنفرانسدا دەستووری نێوخۆیی گۆڕان بەجۆرێک دابڕێژرێتەوە، کە ناکۆک نەبێت بە یاسای پارتەکانی عێراق. 
 
سەبارەت بەوەی کە لەمەودوا بزووتنەوەی گۆڕان لە کوێ کارەکانی دەکات، گوتەبێژەکە باسی لە بوونی چەندین شوێن و بینای دیکەی تایبەت بە بزووتنەوەکە کرد و گوتی:"بزووتنەوەی گۆڕان لە هەر شوێنێک بێت، دەبێتە بەرزایی بۆ سلێمانی".
 
دلێر عەبدولخالق هەروەها باسی لەوە کرد، لە گوتاری ئێستای بزووتنەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە بزووتنەوەکە وەکو هێزێکی ئۆپۆزسیۆن رۆڵی کارای دەبێت و ئیدی هەوڵی نەهێشتنی ئەو پەرتەوازەییە دەدەن، کە لە نێو ئۆپۆزیسیۆندا هەیە.