لێدوانی قوباد تاڵەبانی لەبارەی راگەیاندنی لیستی مووچە


رووداو دیجیتاڵ

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداوی دایەوە و رایگەیاند: "ئینشاڵڵا ئەم هەفتەیە لیستی مووچە رادەگەیێنرێت." 
 
بۆ مووچەی مانگی هەشت، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی 243 ملیار دینار دەکات بۆ ئەوەی ئەو کورتهێنانەی هەیە پڕی بکاتەوە. 
 
تاوەکو ئێستا بڕی 755 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ مووچە هاتووە، بەشێکی لەو پارەیە بووە کە پێشتر خەرج کرابوو، بەڵام لەسەر بڕیاری چاودێریی دارایی عێراق گلدرابووەوە. هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی 8، پێوستی بە 998 ملیار دینارە، بەگوێرەی ئەو ژمارەیە، 243 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.
 
پێشتریش قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کردبوو نزیکن لە چارەسەری کێشەی مووچە. رۆژی 26-09-2024 جێگری سەرۆکوەزیران لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینەوە گوتی، ئەو شاندەی لیژنەی دارایی کە چەند رۆژێکە لە هەولێرە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەیە و درێژەپێدەری ئەو هەوڵانەیە کە لەنێوان هەردوو حکومەت بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە دەدرێن.
 
 
قوباد تاڵەبانی لەبارەی کێشەکانی مووچە رایگەیاند، "بەربەست و تێبینی و رێگری هەن، بەڵام رۆژانە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو چارەسەر دەڕۆین".
 
شەوی سێشەممەی هەفتەی رابردوو شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەولێر. لەگەڵ بەڕێکەوتنی بۆ هەرێمی کوردستان، لیژنەکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندەکە چەندین دۆسیە تاوتوێ دەکات کە پەیوەستن بە داهات و خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەجێکردنی مووچە، گومرگ، باج، بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنوورییەکان و رادەی پابەندبوون بە بەندەکانی بودجەی فیدراڵی ساڵانی (2023- 2025).
 
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، ئەم ساڵ ساڵی کۆتایی کێشە داراییەکان دەبێت، گفتوگۆی جدییان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.