لە سنووری ئامێدی پیاوێک هاوژینەکەی دەکوژێت و سێ منداڵی بریندار دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ناسر عەلی
رووداو
رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندێکی سنووری ناحیەی مانگێشکێ سەر بە قەزای ئامێدی پیاوێک لە ماڵەکەیدا تەقە لە هاوژینەکەی و سێ منداڵی خۆی دەکات. پۆلیسی دهۆک دەڵێت، ژنەکە گیانی لەدەستداوە و سێ منداڵەکەی بریندارکردوون. 

رۆژی شەممە، 28-09-2024 کاژێر 10:00ـی بەیانی رووداوەکە روویدا. سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژنێک بەناوی خانێ عەبدوڵڵا، تەمەنی 65 ساڵە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە." 
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیەی پۆلیسی دهۆک: "پیاوەکە دەستڕێژی گوللـەی کردووە و سێ منداڵیشی بریندار کردووە، کە کوڕێک و دوو کچن، تەمەنیان سەروو 18 ساڵانە." 
 
لەبارەی دۆخی تەندروستیی بریندارەکان، ئەو سەرچاوەیەی پۆلیس گوتی، "کوڕەکە دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە، چەند گوللەیەک بەر سکی کەوتووە، کچەکانیش گوللە بەر قاچیان کەوتوون تەندروستیان تاڕادەیەک جێگیرە."
 
لەبارەی هۆکاری تەقەکردنەوەکەوە سەرچاوەکەی پۆلیس باسی لەوەکرد، رووداوەکە "کێشەی کۆمەڵایەتییە" و تۆمەتبارەکە بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهاتووە، خۆی رادەستی پۆلیس نەکردووە.
 
"کوڕێکی دیکەی ئەو پیاوە [تۆمەتبارەکە] لە ماڵەکەدا بووە لە کاتی رووداوەکە دەستگیرمان کردووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەکرێت." ئەو سەرچاوەیەی پۆلیسی دهۆک وای گوت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە