دەستەی ژینگە: بەشێکی زۆری بەربژێرەکان پابەندی رێنوێنییەکان نەبوون

28-09-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چوار رۆژە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکردووە. گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت، بەشێکی زۆری بەربژێران پابەندی رێنوێنییەکانی ژینگە نەبوون و بە پێچەوانەی رێنوێنییەکان بانگەشە دەکەن.
 
ئەمڕۆ شەممە 28ی ئەیلوولی 2024، عەبدولڕەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشێکی زۆری بەربژێرەکان بە هیچ شێوەیەک پابەندی رێنوێنییەکان نەبوون، پۆستەرەکانیان لە شوێنی هەڵە هەڵواسیوە و داناوە، ئەمەش ژینگەی پیسکردووە."
 
عەبدولڕەزاق خەیلانی ئاماژەی بەوەش کرد، "بە هاوئاهانگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، ئەو کەسانە دەستنیشان دەکەین کە سەرپێچیی رێنوێنییەکانیان کردووە و سزا دەدرێن."
 
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئەیلوولی 2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای دەستپێکی بانگەشەوە تاوەکو ئەمڕۆ کاژێر 10:00، لیژنەکانی چاودێری بانگەشەی هەڵبژاردن 12 سەرپێچییان تۆمار کردووە."
 
گوتیشی، "ئەو 12 سەرپێچییە، پێنج لە هەولێر، پێنج لە سلێمانی و دوویش لە دهۆک تۆمارکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا لە بازنەی هەڵەبجە هیچ سەرپێچییەک تۆمار نەکراوە."
 
سەبارەت بە سزادانی سەرپێچیکاران، نەبەرد عومەر دەڵێت، "دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەکان، کۆمیسیۆن بە فەرمیی جۆر و شێوازی سزای سەرپێچیکارەکان رادەگەیێنێت."
 
رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ بانگەشەی حیزب و بەربژێرەکان ئەمانەن:
 
- رێگە نادرێت وێنە و پۆستەری حیزب و بەربژێرانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار، ستوون و بەربەستە گشتییەكان بە بزمار و لەزگە و سیكۆتین هەڵبواسرێن.
 
- رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، دوورگەی ناوەندی و نێو پاركە گشتییەكان بە هەر جۆرە كەرەستەیەك.
 
- رێگە نادرێت بە بەكارهێنانی قوم، لم، چیمەنتۆ و بلۆك بۆ راگرتنی تابلۆ و كەرەستەكانی دیکەی بانگەشە.
 
- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتووچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان، یان هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل، كە ببێتە هۆی دروستبوونی رووداوی هاتووچۆ.
 
- رێگە نادرێت شوێنەوار و شوێنە كولتوورییەكان بۆ هیچ جۆرە بانگەشەیەك و هەڵواسینێك بە هیچ جۆرە مادەیەك بەكاربهێندرێن.
 
- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەری بەربژێرانی حیزب و لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و شورای فەرمانگەكانی حكومەت و شوێنە گشتییەكان وەك مزگەوت، نەخۆشخانە، زانكۆ، قوتابخانە... هتد.
 
- هەر شارەوانییەك بەپێی تایبەتمەندیی دەڤەری خۆی، سەرەڕای ئەو خاڵانە، دەتوانێت رێكاری تایبەت بە خۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵكی گشتی و پاراستنی پاكوخاوێنیی شار دەربكات.
 
- لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر بەربژێرێك بەرپرسیارە لە لێكردنەوەی وێنە و تابلۆكان و پاككردنەوەی شوێنەكە.
 
- ئەگەر بەربژێرێك پابەند نەبێت بە رێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.
 
25ی ئەیلوول یەکەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد، تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەوی 15-10-2024 بەردەوام دەبێت. لە 18ی مانگی 10ی ئەم ساڵ، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت و 20ی هەمان مانگ دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردەنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە دوو ملیۆن 800 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 کێڵگەیەکی نەوتی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

جەمال کۆچەر: عێراق لەبەر مەترسیی هێرشی ئیسرائیل دەیەوێت هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بە لیژنەکەیانی راگەیاندوە، ترسیان هەیە ئیسرائیل بەندەری فاو بۆردوومان بکات، بۆیە دەیانەوێت هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.