گالەری

رووداو دیجیتاڵ

قەزای حەمدانیە لە شیوەندایە بەهۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس لە ئاهەنگی بووکگواستنەوە کە لە چەند چرکەیەکدا گیانیان لەدەستدا، بەهۆی زۆریی پرسەکانیشەوە کۆڵان نەماوە لە قەزاکە، لافیتەی لێ نەدرابێت.
 
زۆربەی لافیتەکان رەنگیان سپییە، وێنەی کەسێک، دووان یان هەموو ئەندامانی ئەو خێزانەیان لەسەرە کە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەدا لە هۆڵی هەیسەم لە درەنگانی شەوی 26ـی ئەیلوولدا گیانیان لەدەستدا.
 
هەتاوەکو ئێستا ئامارێکی راست و دروستی ژمارەی تەواوی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئەوەی هەمووان جەختی لێدەکەنەوە ئەوەیە، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە، وەک لە ناو و وێنەکانیشیان لەسەر لافیتەکان دەردەکەوێت، زۆربەیان ژن و منداڵن.
 
یەکێک لە لافیتەکان لەسەری نووسراوە "بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە عەشیرەتی ئال شیتو پرسەی ئازیزانی کۆچکردوومان رادەگەیێنین بۆ لەدەستدانی رافید حەنا مەجید شیتو و هەردوو کچی مریەم و میرنا، ئاخ بۆ گەنجی و جوانییان هەڵدەکێشین''.. ئەمە نموونەی یەک لافیتەیە و شارەکە پڕە لە نموونەی هاوشێوە و هەریەک لە لافیتەکان چیرۆکێکی خەمناک و تراژیدیای لەدوایە.