رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی حەمدانیەی کریستیاننشین بە پیر، گەنج، ژن و پیاوەوە روو لە گۆڕستان دەکەن، تابووت بەدوای تابوودا بەرەو گۆڕستانی قیامە ریزیان بەستووە. لە گەڕی یەکەمدا تەرمی 45 کەس لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵی ئاهەنگگێڕانی حەمدانیە بەخاک سپێردران.
کەسوکاری قوربانیان شین، رۆڕۆ، هاوار و گریانیانە بۆ مەرگی ئازیزانیان. بۆ دوایین جار ماڵئاواییان لێدەکەن. یەکێک لەوانەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، هاوژین و کچەکەی لەدەستداوە و تەرمی کوڕەکەشی تاوەکو ئێستا نەناسراوەتەوە. نزا دەکات خودا ئەو کەسانە ئاشكرا بکات کە بوونەتە هۆی ئەو مەرگەساتە.
لورنس ئيشوع، خوشکی یەكێک لە قوربانییەکانە و دەڵێت، "خودا خوشکەکەم بە بەهەشت شادبکات، هیچی تر ناڵێم و خودا هەیە، مێردەکەی و منداڵەکانی ماون، کێ چاوی لەوان دەبێت، ئەگەر نەچووبانە ئەو ئاهەنگە، خوشکەکەم وای بەسەر نەدەهات."
رەفعەت سمو، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، "ژمارەی شەهیدان، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و بە سەتان برینداریش لە نەخۆشخانەکانی موسڵ و هەولێر و دهۆک هەن، سوپاسی نەخۆشخانەکان و هەموو لایەک دەکەین، نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان ئەمبوڵانسیان ناردبووە شوێنی رووداوەکە بۆ ئەوەی بریندار و تەرمەکان بگوازنەوە."
ئەو هۆڵەی ئاگرەکەی تێدا کەوتەوە، لە ساڵی 2019 دا دروستکراوە. بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا 114 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا، تەرمی 45 کەس ناناسرێتەوە و چاوەڕوانی پشکنینی DNA دەکەن، و نزیکەی 160 کەسی دیکەش بریندار بوونە.
لە هۆڵەکەدا، بە گوتەی قایمقامی حەمدانیە 700 کەسی تێدابوو، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسیش بریندارن، هەرچەندە ئەو ئامارە جیاوازە هەر لایەنێک ژمارەیەک دەڵێ، بەڵام سەرجەمیان جەخت دەکەنەوە لەوەی زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100ـی دیکەش بریندار بوون.
قەزای حەمدانیە، سەر بە پارێزگای نەینەوایە، ژمارەی دانیشتووانی 120 هەزار کەسە و زۆربەیان کریستیانن. لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر قەزاکە لە ساڵی 2014، زۆربەی دانیشتووانەکەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ