لە سلێمانی تەقە لە دوو برا کرا و یەکێکیان کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری سلێمانی دەستڕێژی گولـلە لە دوو برا کرا و بریندار کران، دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە یەکێکیان گیانی لەدەستدا و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، بکوژەکەیان دەستگیرکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، کەمێک لەمەبەر لە ناوەندی شاری سلێمانی، دەستڕێژی گولـلە لە دوو برا کرا و بریندار کران، دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە، بریندارەکە لە نەخۆشخانەی شارە و کوژراوەکەش براوەتە دادپزیشکی سلێمانی.
هەر بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، قوربانییەکان بران و کوڕی وەستا حەسەنی کەبابچی-ن، کوژراوەکە ناوی رۆژ حەسەنە و لەدایکبووی ساڵی 2002ـە و برا بریندارەکەشی ناوی دیلانە و لەدایکبووی 2007ـە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، "دەزگای ئاسایشی هەرێم بکوژی هاووڵاتی (ر. ح) کوڕی وەستا حەسەنی کەبابچی دەستگیرکرا".
لەبارەی هۆکاری شەڕەکەشەوە دەڵێت: "دەگەڕێتەوە بۆ دەمەقاڵێ و دەستشکاندنەوەی ئۆتۆمبێل."
هاوکات، سەلام عەبدولخالق، بەرپرسی راگەیاندنی ئاسایشی سلێمانی، بە روودای راگەیاند، "ئەو کەسەی تەقەی لە کوڕەکەی وەستا حەسەن کردووە دەستگیرکراوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان رووداوەکە پلان بۆ داڕێژراو نەبووە، لەسەر شکانەوەی سەریەکتری بوو بە ئۆتۆمبێل."
بەیانیی رۆژی 25ـی ئابی2023، وەستا حەسەن کەبابچی لە سلێمانی گیانی لەدەستدا. بەپێی توێکاریی پزیشکی، گولـلەیەک بە سەری کەوتووە و گومان کرا "خۆی کوشتبێت". ئەو شوێنەی رووداوەکە تێیدا روویدا، باخی وەستا حەسەن خۆی بوو لە ناوچەی سیتەک لە سلێمانی.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەواڵی جۆراوجۆر بڵاوکرانەوە لەوانە "وەستا حەسەن بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتییەوە کوژراوە."
موحسین سەیدگوڵ، پوورزای وەستا حەسەن رۆژی 26-8-2023 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هەموو ئەو دەنگۆیانەی لە پەیجەکاندا بڵاوکراونەتەوە رەتدەکەینەوە، وەستا حەسەن بە قەزا و قەدەر وەفاتی کردووە."