70 برینداری رووداوەکەی حەمدانیە لە هەرێمی کوردستان چارەسەر وەردەگرن و دۆخی شەشیان ناجێگیرە

رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی 70 برینداری رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و دهۆک. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر دەڵێت، "لێرە شەش برینداریان لە چاودێریی چڕ خەوێندراون و هەموویان دۆخیان ناجێگیرە." 
 
دانیال ویسام یەكێکە لە بریندارەکانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیە. ئەوەندەی بیری لای هەواڵێکی خێزانەکەیەتی، هێندە گوێ بە ئازاری برینەکانی نادات، ئەو ئێستا لە نەخۆشخانەی حەمدانیە چارەسەر وەردەگرێت، بەڵام  لە دایک، باوک و خوشکەکەی دابڕاوە، چونکە ئەوانیش بریندارن و لە نەخۆشخانەکانی هەولێر چارەسەر وەردەگرن.
 
دانیاڵی 12 ساڵ دەڵێت، "من لە نەخۆشخانەم لە قەرەقۆش، دایکم و خوشکم و ئەوان لە نەخۆشخانەکانی هەولێرن، پێویستم بە گەڕاندنەوەی دەستەکانمە، دەمەوێت لێپێچینەوە لە کەسانی کەمتەرخەم بکرێت، ئەوانەی هۆکاری رووداوەکەبوون."
 
هانی عەبۆش بریندارێکی دیکەی رووداوەکەیە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە، هەرچۆنێک بێت درەنگ یان زوو برینەکانی جەستەی سارێژدەبن، بەڵام خەمی گەورەی ئەو، ساڕێژبوونی برینەکانی دڵ و دەروونیەتی، چونکە پێنج کەسی لە ئازیزانی لەدەستداوە.
 
هانی عەبۆش دەڵێت، "خوا لەوانە خۆش بێت کە گیانیان سپارد، شکۆ و تەمەن و مانەوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە ژیاندا ماون، لە کەسە نزیکەکانم براکەم ئەنوەر عەبوش خدر، لەگەڵ غسون سۆریش مێخائیلی هاوژینی، لەگەڵ ئیخڵاس حەنوونا باکۆس، ژنی سەڵاحی برام و عەبۆش خدری کوڕەکەیان و هاوژینی خۆشەویستم بان جەمیل ئیبراهیم چوونە بەر دلۆڤانی خوای گەورە، خوا لێیان خۆش بێت." 
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، زیاتر لە 150 کەس لە رووداوەکەی حەمدانیە برینداربوونە، لەو ژمارەیەش، نزیکەی 70 بریندار، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی هێندراون بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و دهۆک.
 
بەهۆی خراپیی دۆخی 10 بریندار، کە رێژەی سووتانی جەستەیان زۆرە و لە نێوان 60٪ بۆ 90٪ـە، مەترسی هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزببێتەوە، کە تا ئێستا زیاتر لە 100 کەسە.
 
دکتۆر کاروان نانەکەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر دەڵێت، " لێرە شەش برینداریان لە چاودێریی چڕ خەوێندراون، لەو شەشەیان بە داخەوە هەموویان دۆخیان ناجێگیرە، 90٪ی جەستەیان سووتاوە، رێڕەوی هەناسەیانی گرتووە."
 
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە، بەپەلە لیژنەیەک لە وەزارەتی تەندروستی پێکبهێندرێت بۆ ناردنە دەرەوەی ئەو بریندارانەی برینەکانیان سەختە و لە دەرەوەی عێراق پێویستیان بە چارەسەری پزیشکییە.