دەزگای ئاسایش: باندێکمان بە نۆ ملیۆن دیناری ساختەوە لە سلێمانی دەستگیرکرد
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی، باندێکی ساغکردنەوە و مامەڵەکاری دراوی ساختەیان لەناوەندی سلێمانیدا دەستگیرکردووە و دەستگیراوە بەسەر نۆ ملیۆن دیناری عێراقی ساختە.
رۆژی پێنجشەممە، 28-9-2023، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی باندێکی ساختەکاری دراوی راگەیاند و دەڵێت، باندەکە ویستوویانە نۆ ملیۆن و 125 هەزار دیناری عێراقی ساختە، لە شاری سلێمانی و دەوروبەری ساخبکەنەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دەزگای ئاسایش، تۆمەتبارەکان لە 19-9-2023 دا دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، ئێستاش بە بڕیاری دادوەر بە مادەی 281 لە یاسای سزادانی عێراقی سزادراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
دەزگای ئاسایش باسی لەوەشکردووە، ژمارەی ئەو باندەی دەستگیرکراون، سێ کەس بوونە. هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لە پێناو پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتییان دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد لە چالاکییەکدا باندەکەیان دەستگیرکردووە.