لە دهۆک سێ منداڵی یەک خێزان تەلاسیمیایان هەیە و چارەسەریان لە دەرەوەی وڵاتە

28-09-2023
ئەیوب نەسری
ئەیوب نەسری
لە کۆی شەش ئەندامی خێزانەکە، چواریان نەخۆشن.
لە کۆی شەش ئەندامی خێزانەکە، چواریان نەخۆشن.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە دهۆک چوار منداڵی یەک خێزان نەخۆشن و پێویستیان بە هاوکارییە. سێ لەو منداڵانە نەخۆشیی تەلاسیمیایان هەیە. کچە گەورەکەیان نەخۆشییەکەی سەختە و پێویستی بە چاندنی مۆخی ئێسکە. برا تەندروستەکەی بە رێژەی 90٪ دەتوانێت خوێنەکەی پێ ببەخشێت، بەڵام چارەسەر لە دەرەوەی وڵاتە و لە توانای خێزانەکەدا نییە. 
 
چنار عەبدوڵڵا، دایکی منداڵە نەخۆشەکانە و بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە دەڵێت، "سێ نەخۆشم هەیە. یەکێکیان تەندروستیی باشە. باوکیشیان نەخۆشە. کچەکەم پێویستیی بە نەشتەرگەری هەیە. ئەوە چەندە هەر دەڵێین ئارام دەگرین، چارەسەر دەبێت، هیچ شوێنێکمان نەهێشتووە هانای بۆ نەبەین. دوو جار نەشتەرگەریمان بۆ دەستی کردووە. بردمان بۆ هەولێر، گوتیان سێ هەزار و 500 دۆلار پێویستە، بۆیە ناچاربووین لەبەر هەرزانی بیبەینە موسڵ و لەوێ دەستی کچەکەمیان سەقەت کرد. داوامان لە خێرخوازان ئەوەیە، وەکو کچی خۆیان تەماشای بکەن."
 
شڤان رەمەزان، باوکی منداڵەکانە و شێرپەنجەی پێستی هەیە. ناتوانێت خەرجیی ماڵەوە و چارەسەریی منداڵەکانی دابین بکەت. ئەو دەڵێت، "خەمی نەخۆشییەکەمم نییە، خەمی گەورەم کچەکەمە."  
 
پزیشکی تایبەتمەند پشکنینی بۆ منداڵەکان کردووە، چارەسەریان لە هیندستان و تورکیا هەیە. بەڵام بۆ ئەوە، پێویستیان بە 50 هەزار دۆلار هەیە، کە بۆ خێزانەکە بڕە پارەیەکی زۆرە و توانای دابینکردنییان نییە. 
 
ئومێد عەدنان، پزیشکی تایبەتمەندە و دەڵێت، "بەداخەوە، [ئەم نەشتەرگەرییە] لە تەواوی عێراق ناکرێت. لە سڵێمانی نەشتەرگەرییەکە دەکرێت، بەڵام تەنیا بۆ تەلەسیمیا دەکرێت. پێویستە کەسی بەخشەر 100٪ خوێنەکەی بۆ نەخۆش ببێت. نەشتەرگەرییەکە لە تورکیا و هیندستان دەکرێت." 
 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە