رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی 600 ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی 70 ئەندامیان خەڵکی کەرکووکن، کەرکووکییەکان بە کۆنفرانس و بڕیاری راستەوخۆی سەرۆکی یەکێتی و ئەو ئەندامانەی پێشتر لە سەرکردایەتی بوون، کورسییەکانی کۆنگرەیان بردووەتەوە.
رەوەند مەلا مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی دەڵێت، هیچ پشکێک دیاری نەکراوە، "دەچینە مەیدانی دەنگدانەوە و هەر کەسێک دەنگی بەدەستهێنا دەبێتە سەرکردایەتی."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، پشکی کەرکووک لە سەرکردایەتی نوێی یەکێتی نزیکەی 12 ئەندام دەبێت، بەمەش بەراورد بە سەرکردایەتیی پێشوو، یەکێتی ژمارەی سەرکردایەتییەکانی کەمتر دەکاتەوە.
هاوکات کەرکووکییەکان لەنێو مەکتەبی سیاسی زیاتر لە 4 ئەندام و ئەندامێک یا دوو ئەندامی دەستەی کارگێڕییان دەبێت، هەندێک لە سەرکردە کەرکووکییەکانی ئەو حیزبە دوورخراونەتەوە کە پێشتر رەخنەیان لە کارەکانی کۆنگرە گرتووە. غازی کەرکووکی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی یەکێکە لەو کەسانە، ئەمجارەش بەشداریی کۆنگرەی کردووە، بەڵام دەڵێت: "خۆم بەربژێر ناکەم."
یەکێتی بەپێی پڕۆگرامی ئامادەکراوی کۆنگرە، پلانی هەیە مەڵبەندەکانی سنووری کەرکووک یەک بخات کە پێشتر سێ مەڵبەندی هەبوون. بایەخی زیاتریش بە کاری رێکخراوەیی لەو سنوورە بدات و بڕیاریداوە دەستپێشخەری بۆ ئاشتەوایی لایەنەکان بکات.
یەکێتی لەدوای تەواوبوونی کارەکانی کۆنگرە، راستەوخۆ هێزی سیاسی بەگەڕ دەخات بۆ سەرخستنی لیستەکەیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ