رووداو دیجیتاڵ
لەدوای رووداوەکەی قەزای حەمدانیە و دەرەنجامەکانی ئەو رووداوە، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک چەند رێنوێنییەکی نوێی دەرکرد و تێیدا بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکانی لە هۆڵ و شوێنە گشتییەکان قەدەخە کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 28-09-2023، بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەقی رێنوێنییەکانی خوێندەوە و گوتی، ''نابێت بە هیچ شێوەیەک لە هۆڵی شایی، شانۆگەری، هۆڵەکانی نێو هۆتێل و کافێکان، هۆڵی یانەی شەوانە، باخچەی تایبەت و شوێنە گەشتیارییەکان یاریی ئاگرین بەکاربهێنرێت.''
بێوار عەبدولعەزیز، ئاماژەی بەوە کرد، هەر کەسێک یاریی ئاگرین لەو شوێنانە بەکاربهێنێت، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
بەپێی رێنوێنییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک، "نابێ هۆڵەکانی شایی لە سێ دەرگە کەمتریان هەبێت، بۆ ئەوەی لەکاتی روودانی هەر رووداوێکی چاوەڕواننەکراو، قەرەباڵخی دروست نەبێت و هاووڵاتییان بتوانن بچنە دەرەوە."
بە گوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک، "پێویستە سەرجەم بەنزینخانەکان، یەکەی نیشتەجێبوون، هۆڵەکان، کۆمپانیا و کۆگەکان سیستمی پێشکەوتووی ئاگرکوژێنەوەیان هەبێت."
یەکێک لە خاڵەکانی دیکە کە بێوار عەبدولعەزیز ئاماژەی پێدا، هەبوونی سیستمی ئاگرکوژێنەوەی موەلیدەکان بوو، بۆ ئەوەی لەکاتی ئاگرکەوتنەوە، بە زووترین کات کۆنتڕۆڵ بکرێت و کارەساتی لێنەکەوێتەوە. دەشڵێت، "ئەو رێنماییانە بۆ پاراستنی زیاتری گیانی هاووڵاتییانە و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنە بەر."
شەوی سێشەممە، 26-09-2023، هۆڵێکی ئاهەنگ گێڕان لە قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا ئاگری گرت و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسیش بریندار بوون.
عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق چووە شوێنی رووداوەکە و دواتر ئاشکرایکرد، دەزگە ئەمنییەکان 14 کەسیان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا 10 کرێکار، خاوەنی هۆڵەکە و سێ کەسی دیکە کە بە گڕدانی یارییە ئاگرینەکان لە کاتی رووداوەکە تۆمەتبارن.
''ئەم ساڵ هەزار و 196 ئاگرکەتنەوە تۆمارکراوە''
بێوار عەبدولعەزیز، داتای تایبەت بە رووداوەکان و چالاکیی نۆ مانگی ئەمساڵی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دهۆکی خستەڕوو و گوتی، لەو ماوەیەدا هەزار و 196 ئاگرکەتنەوە لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆمارکراوە.
گوتیشی، تیمەکانی بەرگریی شارستانی 45 کەسیان لە مردن رزگارکردووە، بەڵام چوار کەس لە رووبار و بەنداوەکاندا خنکاون، هەروەها سێ کەسی دیکەش بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوە گیانیان لەدەستداوە و حەوت کەسیش هەر بەوهۆیەوە بریندار بوون. گوتیشی، لەو نۆ مانگەدا، 61 رووداوی تایبەت بە لافاو لە سنووری پارێزگای دهۆک هەبووە و 230 مینی (بۆمب) جۆراوجۆریش هەڵگیراونەتەوە.
بێوار عەبدولعەزیز، لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، "تێچووی چالاکییەکانی بەرگریی شارستانیی دهۆک لەو نۆ مانگەدا، یەک ملیار و 935 ملیۆن دینار بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ