بافڵ تاڵەبانی: تێکدانی سەقامگیریی خاكەكەمان لەیادناكەین و خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە

28-09-2022
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قووڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ راگرتنی دەكەین". 
 
رۆژی چوارشەممە 28-09-2022 بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "‏‎هیچ پاساوێك بۆ ئەم سنووربەزاندنە نییە.. داواكارین خاكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسی و سەربازییەكان بەكارنەهێنرێت و هاووڵاتییان نەكرێنە قوربانیی ململانێكان."
 
ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران چەند جارێک لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە هێرشیکردە سەر بنکە و بارەگاکانی لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، زڕگوێز و شێراوە. هەروەها ماوەی چەند رۆ‌ژێکیشە بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبانە لە ناوچە سنوورییەکان بۆردوومان دەکات.
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی دەشڵێت، "دەمەوێت هەموو لایەك دڵنیابكەمەوە بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و تێكدانی سەقامگیریی خاكەكەمان هەرگیز لەیادناكەین و خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە."
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، "‏‎داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین ئەرك و بەرپرسیارێتیی خۆی لە پاراستنی خاكی عێراق و هەرێم [هەرێمی کوردستان] جێبەجێ بكات. سەروەریی وڵات بپارێزێت و رێگری لە پێشێلكاری و چەندبارەبوونەوەی هێرشەكان بكات."
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا لە هێرشە مووشەکی و درۆنانەی ئێران 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 32ی کەسیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە