تورکیا هێز لە چوار شوێنی نوێی زاخۆ جێگیر دەکات


رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی مانگێک لە راوەستاندنی بەرەوپێشچوونی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا، جارێکی دیکە ئەو وڵاتە دەستی بە جووڵاندنی هێزەکانی کردەوە و لە چوار شوێنی زاخۆ جێگیریکردن. هاوکات دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند ناوچەیەکی سنووری شارۆچکەی کانی ماسێ و شارۆچکەی باتیفای کرد.
 
سەرچاوەیەکی هەواڵگریی سەربازی لە سنووری زاخۆ کە بە مەرجی نەهێنانی ناوی قسەی بۆ رووداو کرد، رایگەیاند، دوو رۆژە بۆردوومان و تۆپبارانی تورکیا لە سنووری شارۆچکەی دەرکار و باتیفا زیادیانکردووە و لە رێگەی فڕۆکەوە سەرباز و هێزەکانی لە چوار شوێنی نوێ دابەزاندووە و جێگیری کردوون.
 
ئەو شوێنانەی تورکیا سەربازەکانی لێ جێگیرکردوون، بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە سەربازییە، چەلکێ زێوکێ، سێرکا سپی، رەبیا شەرانش و نزیکی گرێ بیین، "تورکیا لە رێگەی سێ هێلیکۆپتەرەوە هێزەکانی لەو چوار خاڵە دابەزاندووە". 
 
هاوکات دڵشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەرى شارۆچکەی باتیفا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان ئاگادارن تورکیا لە چەند ناوچەیەکی سنووری ئەوان هێزی دابەزاندووە و بۆردوومان و تۆپبارانکردنیش بەردەوامە، "تاوەکو ئێستاش جگە لە زیانی ماددی و ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی ئەو ناوچانە، زیانی گیانی لە بۆردوومان و تۆپبارانەکان نەکەوتووەتەوە". 

 

 
پێشتر بۆردوومانی ناوەناوە و تۆپبارانی تورکیا لەو سنوورە هەبوون، بەڵام وەکو پێشڤەچوون، تورکیا سوپاکەی لە هیچ خاڵێکی نوێ جێگر نەکردبوو. ئەمەش یەکەم جارە دوای نزیکەی مانگێک ئەو بەرەپێشچوونە لە سنوورەکە دەبیندرێت
 
جگە لە سنووری زاخۆ، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکەکانی تورکیا گوندێکی سنووری شارۆچکەی کانی ماسێی سەر بە قەزای ئامێدییان بۆردوومان کرد. سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری شارۆچکەی کانی ماسێ بە رووداوی راگەیاند، فڕۆکەکانی تورکیا دوو مووشەکیان ئاراستەی گوندی گەلیی بازێ کردووە. 
 
بەهۆی ئەو بۆردوومانەی تورکیاوە، پرۆژەی ئاوی گوندەکە زیانی بەرکەوتووە و ئاوی چوار خێزان لەو گوندە بڕاوە. جگە لەوەش، "جامی خانووی ماڵەکانی گوندەکە زیانیان بەرکەوتووە و بەشێکی زۆریان شکاون".
 
لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، تورکیا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بۆ لێدان لە بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەستپێکردووە. تاوەکو ئێستا بە قوڵایی 30 بۆ 45 کیلۆمەتر لە سنووری قەزای زاخۆ هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان. بەهۆی بۆردوومانەکانیشەوە، تاوەکو ئێستا شەش کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، سێ ئۆتۆمبێلی سڤیل کراونەتە ئامانج و جگە لەوە، زیانی ماددی بەر خەڵکی ناوچە سنوورییەکان کەوتووە.