نەجمەدین کەریم: لە دروستکردنی لیست بۆ هەڵبژاردن پەشیمان نەبوومەتەوە

رووداو - کەرکووک 

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری لەکارلادراوی کەرکووک رەتیدەکاتەوە پاشگەزبووبێتەوە لە دروستکردنی لیستێک بۆ هەڵبژاردن و دەڵێت: ناچینە لیستی هاوبەشی حیزبە کوردستانییەکانەوە.
 
لەدوای پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی بۆ ناوچە دابڕاوەکان لەلایەن پارت و لایەنە کوردستانییەکان، هەواڵی ئەوە بڵاوبوویەوە نەجمەدین کەریم، پاشگەزبووبێتەوە لە دروستکردنی لیستی هەڵبژاردن. بەڵام ئەم هەواڵە رەتدەکاتەوە.
 
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری لەکارلادراوی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بەهیچ جۆرێک پاشگەزنەبوونەتەوە لە دروستکردنی لیستی هەڵبژاردن و بەردەوامن لە هەوڵەکانیان لەو پێناوە و بۆ ئەو کۆبوونەوە و دیدارانەیشی سەبارەت بە پێکهێنانی لیستێک لە نێوان حیزبەکان دەکرێت، نە ئاگادارکراوەتەوە و نە زانیارییان لەبارەی کۆبوونەوە و ناوەڕۆکەکەی هەیە.
 
سەبارەت بە پێکهاتەی لیستەکەی، نەجمەدین کەریم دەڵێت: "لیستەکەمان جگە لە کورد، عەرەب، تورکمان، پێکهاتەی کلد و سریانیشی تێدایە و هەوڵدەدەین ببینە لیستی هەموو پێکهاتەکان، بەڵام کێشەمان لەگەڵ ئاسایی نەبوونەوەی دۆخی کەرکووک و ئەو رەوشە ئاڵۆزە هەیە، کە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە بەرۆکی شارەکەی گرتووە، بۆئەوەش مەرجمان ئەوەیە ئازادی سیاسی هەبێت و هێزی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە شارەکە نەمێنن و بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان".
 
نەجمەدین کەریم لەبارەی بەیاننامەی لایەنە کوردستانییەکان لەدوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، گوتی "خاڵێکی نێو بەیاننامەکە سەبارەت بە داواکردنی ئاساییبوونەوەی کەرکووک ناڕوونە و نازانرێ حیزبەکان لەو خاڵە مەبەستییان چییه و ئاڕاستەی کێی دەکەن".
 
پارتی، یەکێتی و تەنانەت پەرلەمانی کوردستانیش سکاڵایان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمارکردووە، لەبەرئەوەی لە هەندێک ماددەی هەموارکراوی یاساکە ناڕازین، بەڵام ئەمڕۆ لە هەولێر بڕیاریان دا بە یەک لیست و لەژێر ناوی "هاوپەیمانیی کوردستانی" بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بکەن.
 
نۆ حیزبی کوردستانی، کە پێکهاتوون لە (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزووتنەوە، شیوعی، سۆسیالیست و زەحمەتکێشان)، ئەمڕۆ (شەممە، 28-9-2019) لە هەولێر کۆبوونەوە و بڕیاریان دا بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا بکەن لە پارێزگاکانی: کەرکووک، نەینەوا، دیالا و سەڵاحەدین، هەروەها بانگهێشتی لایەنە کوردستانییەکانی دیکەش دەکەن بێنە نێو لیستەکەیانەوە.
 
پەرلەمانی عێراق 22-7-2019 پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و شارۆچکەکانی ژمارە 12ـی ساڵی 2018 پەسەندکرد، بەپێی هەمواری یاساکە، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی هەر پارێزگایەک 10 ئەندام دەبێت، ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە لە ملیۆنێک زیاتر بێ، بۆ گشت 200 هەزار دانیشتووان لە سەرووی ملیۆنەکە، ئەندامێک بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکە زیاددەکرێت.