نۆ حیزبی کوردستانی بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن

رووداو - هەولێر

پارتی، یەکێتی و تەنانەت پەرلەمانی کوردستانیش سکاڵایان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمار کردووە، بەڵام ئەمڕۆ لە هەولێر بڕیاریان دا بە یەک لیست و لەژێر ناوی "هاوپەیمانیی کوردستانی" بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بکەن.

نۆ حیزبی کوردستانی، کە پێکهاتوون لە (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزووتنەوە، شیوعی، سۆسیالیست و زەحمەتکێشان)، ئەمڕۆ (شەممە، 28-9-2019) لە هەولێر کۆبوونەوە و بڕیاریان دا بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا بکەن لە پارێزگاکانی: کەرکووک، نەینەوا، دیالا و سەڵاحەدین، هەروەها بانگهێشتی لایەنە کوردستانییەکانی دیکەش دەکەن بێنە نێو لیستەکەیانەوە.

بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە؛ لەکۆبوونەوەکەدا باس لە بەرەوپێشچوونەکان کراوە لەبارەی تانەکان، کە لایەنەکان لەسەر یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراق تۆماریان کردووە.

پەرلەمانی عێراق 22-7-2019 پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و شارۆچکەکانی ژمارە 12ـی ساڵی 2018 پەسەندکرد، بەپێی هەمواری یاساکە، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی هەر پارێزگایەک 10 ئەندام دەبێت، ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە لە ملیۆنێک زیاتر بێ، بۆ گشت 200 هەزار دانیشتووان لە سەرووی ملیۆنەکە، ئەندامێک بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکە زیاددەکرێت.

هەریەک لە: پارتی و یەکێتی و پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی دژی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، سکاڵایان تۆماکرکردووە و لە هەندێک ماددەی هەموارکراوی یاساکە ناڕازین.

ماددەی 16ـی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەدڵی کورد نییە، کە دەڵێ؛ دەبێت هەموو كەسێك لە رۆژی هەڵبژاردن لەناو پارێزگاكەی خۆی دەنگ بدات، چونکە وادەکات ژمارەیەکی زۆر ئاوارە نەتوانن لەكاتی هەڵبژارندا بگەڕێنەوە پارێزگاكانیان و، لە هەڵبژاردن بێبەش بن". هەر لەبەر ئەو هۆکارەش لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سكاڵای دژی لەدژی ئەو ماددەیە تۆمارکردووە.