نێوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشكراكرا
رووداو - هەولێر
سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، باسی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی ئەنجوومەنەكە دەكات و دەڵێت "یەكێك لە گرنگترین خاڵەكانی كۆبوونەوەكە باسكردنی مووچەی مانگەكانی 7 و 8 ی فەرمانبەرانە".
دکتۆر نووری عوسمان، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە 29-9-2016، ئەنجوومەنی وەزیران چەند تەوەرێك لەخۆدەگرێت، گرنگترینیان "باسكردنە لە مووچەی مانگەكانی 7 و8 ی مووچەخۆران و مەسەلەی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێمی كوردستانیش گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت".
پرسی دامەزراندن لە كەرتی گشتیی حكومی و مووچەی تۆڕی كۆمەڵایەتی خێزان و بەرنامەی وەزارتەكانی كار و پلاندانان و سندوقی نەختی نێودەوڵەتی بۆ ئەو توێژە، بە گوتەی نووری عوسمان دوو پرسی دیكەی كۆبوونەوەكە دەبن.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر چوار بڕگە دەبێت، كە یەکەمیان بریتییە لە خستنەڕووی دوایین زانیاری سەبارەت بە مووچەی مانگی حەوتی 2016 و ئامادەكارییەكانی بۆ پێدانی مووچەی مانگی هەشت. هاوکات داهاتە چاوەڕوانكراوەكانی هەرێمی كوردستانیش لەلایەن وەزیری سامانە سرووشتییەكان و بریكاری وەزیری دارایی دەخرێنەڕوو.
سەرچاوەكە گوتیشی "لە بڕگەی دووەم تاوتوێی بڕیارەكانی حكومەت دەكرێت، كە لە رۆژی 3-2-2016 دراوە سەبارەت بە دابینكردنی سەربەخۆیی بۆ داهات و خەرجی و سەرجەم پرۆسەكانی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان كە لە لایەن كۆمپانیای وردبینی نێودەوڵەتی باوەڕپێكراوە ئەنجامدراوە".
ئەنجوومەنی وەزیران لە بڕگەی سێیەم تاووتوێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013 لەبارەی مافی دەستكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان دەكات.
هەروەها لە بڕگەی چوارەم داوای چەند وەزارەتێك بۆ دامەزراندنی چەند توێژێك لە دەرچووان تاوتوێ دەكرێت، ئەوەش بە رەچاوكردنی تایبەتمەندی و پێویستی دامەزراوەكان لە بواری پسپۆڕیان.
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەكاتێکدایە رۆژی 17-9-2016 سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بانگەوازێكی ئاراستەی حیزبەكانی بەشدار لە حكومەت و پەرلەمان كرد بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی بەفراوان لەسەر داهات و خەرجییەكان و قەیرانی دارایی، بەڵام هەر یەك لە گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵ رەتیانكردەوە بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن.
دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رۆژی 9-6-2016 بەڕێوەچوو.