مەسرور بارزانی فەرمانی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی واژۆ کرد

28-08-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ فەرمانی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵای واژۆ کرد.
 
بەپێی فەرمانەکە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راسپێردراون وردبینی لە لیستی ناوی وانەبێژان بکەن هەروەها رێکارەکانی دامەزراندنیان ئەنجام بدەن.
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە (25-8-2024)  پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد و بڕیاریدا، لەسەر داهاتی ناوخۆ، سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.
 
بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردە، 5ـی مانگی 9 دوایین رۆژە بۆ گەڕاندنەوەی لیستی ناوی وانەبێژان بۆ دیوانی وەزارەت.
 
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، پارەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانی وانەبێژان، مانگانە 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.
 
ئەگەر وانەبێژان بکرێنە گرێبەست شایستە داراییەکانیان زیاتر دەبێت و مانگانە پێویستیان بە زیاتر لە 18 ملیار دیناریان دەبێت.
 
ئێستا مووچەی وانەبێژانی پەروەردە بەگوێرەی بڕوانامەکانیان لەنێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە، بەڵام ئەوانەی دیپلۆمی باڵایان هەیە 425 هەزار دینار وەردەگرن.
 
عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو دوای بەگرێبەستکردن مووچەکەیان لەنێوان 400 بۆ 500 هەزار دیناردا دەبێت.
 
عەلی رەئووف دەڵێت، دوای گرێبەست بەشێکی زۆری مافەکانی مامۆستایان هاوشێوەی مامۆستای میلاکی لێ دێت، بەڵام جیاوازی لە مووچەیاندا دەبێت و پلەشیان بەرز ناکرێتەوە.
 
بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی گۆڕانکارییەکان لە شایستەی وانەبێژان دوای بە گرێبەستکردنیان کلیک بکە:
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە