رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی کوردی خەڵکی سلێمانی، بەشداری لە پرۆگرامێکی رووسیدا کرد و لەگەڵ گرووپێکدا چوونە جەمسەری باکووری زەوی؛ ئەو شوێنە دوایین خاڵی زەویشی پێ دەڵێن.
دوای ئەوەی لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ نزیکەی دوو هەزار کەس لە سەرتاسەری جیهانەوە بەشدارییان لە فێستیڤاڵی جیهانیی گەنجان کرد لە رووسیا، دامەزراوەی رۆساتۆمی رووسی بۆ کاروباری وزە، کە یەکێک لە سپۆنسەرەکانی ئەو فێستیڤاڵە بوو، ژمارەیەک گەنجی هەڵبژارد بۆ ئەوەی گەشتی جەمسەری باکووریان پێ بکات.
کوڕە گەنجە کوردەکە، ناوی رەند ئاریە و وەکو تاکە نوێنەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵبژێردراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی ئابی 2024، رەند ئاری، پزیشک و شارەزا لە بواری وزەی ناوەکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دامەزراوەی رۆساتۆم کە دامەزراوەیەکی نیشتمانیی رووسیایە و لە بواری وزەدا کار دەکات، سێ رۆژ تاقیکردنەوەی لە بواری وزەناسی پێکردین، دواتر بە پاپۆڕێک کە بە وزەی ئەتۆم کاردەکات، لە رووسیاوە بۆ خاڵی 90ـی جەمسەری باکوور بەڕێکەوتین کە ئەو شوێنە دوایین خاڵی زەوییە لەسەر نەخشە".
گوتیشی، "ئەو ناوچەیە تەنیا ئەو کەشتییە رووسییانە دەتوانن بۆی بچن کە بە وزەی ئەتۆم کار دەکەن، چونکە سەرجەم خاکی ئەو ناوچەیە بە چەندین چینی بەفر و سەهۆڵ داپۆشراوە و تەنیا ئەو کەشتیە بەهێزانە دەتوانن ئەو سەهۆڵبەندانە بشکێنن و پێیدا تێپەڕن".
ئەو پزیشکە دەڵێت، 150 کەس لەو گەشتەدا بەشدار بوون، کە بێجگە لە 15 کەسە هەڵبژێردراوەکە، ئەوانی دیکە گەنج و زانا رووسیەکان بوون، 100 کەسیشیان کارمەندی کەشتییەکە بوون، لەکاتی گەشتەکەشدا تا گەیشتنیان بە شوێنی مەبەست، سیمینار و وۆرک شۆپی زانستیی پێشکەش دەکران".
رەند ئاری بە ئاڵای کوردستانەوە چووەتە دوایین خاڵی زەوی و دەڵێت، "سەرجەم بەشداربووان بە ئاڵای وڵاتەکەیانەوە بەشدارییان کرد و منیش وەکو یەکەم کورد بە ئاڵای کوردستانەوە چووم و شانازی پێوەدەکەم".
گەشتەکە رۆژی 13ـی ئابی ئەم ساڵ دەستیپێکردووە و ماوەی 10 رۆژی خایاندووە، رەند ئاری دەڵێت، "لەوێدا بەتەواوی لە جیهان دابڕاین، چونکە هیچ ئامێرێکی پەیوەندیی کاری نەدەکرد، دوای کۆتاییهاتنی گەشتەکەش بووم بە نێردەی دامەزراوەی رۆساتۆمی رووسی لە کوردستان و عێراق، هەوڵیش دەدەین لە داهاتوودا ئەو دامەزراوە گرنگە بهێنینە کوردستان، بۆئەوەی کار و پڕۆژەی تێدا ئەنجام بدەن، چونکە ئەو دامەزراوەیە لە بوارەکانی، نەوت، وزەی ئەتۆمیی مەدەنی و وزەی هەوا کار دەکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ