شاندی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارەی دوێنێ گەیشتە بەغدا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەست پێدەکات.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەستپێدەکات.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکە گفتوگۆ لەسەر دوو بابەتی سەرەکی دەکات. یەکەم، راپۆرتەکەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق کە بەگوێرەی ئەو راپۆرتە لە مانگی 2 تاوەکو مانگی 6 بڕی 600 ملیار دیناریان زیادە بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
 
دیوانی چاودێریی دارایی عێراق پێی وایە ئەو پارەیە لەگەڵ ئەو 36 ملیارەی کە رۆژانی رابردوو بڕیاری ناردنی دراوە لەگەڵ داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەشی مووچەی مانگی حەوت دەکات. رووداو زانیویەتی، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەم بابەتە دەکرێت و هەردوولا داتا و زانیارییەکانیان لەوبارەوە دەخەنەڕوو.
 
بابەتی دووەم کە تاوتوێ دەکرێت بریتی دەبێت لەو تێبینییانەی لە ماوەی رابردوودا دیوانی چاودێریی دارایی بە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی داوە لەبارەی لیستی مووچە و گرفتەکانی.
 
شاندەكە تەکنیکییە و پێکهاتووە لە بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری و رۆژی پێنجشەممەش لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی عێراق کۆدەبێتەوە.
 
ئەوە لەکاتێکدا شەوی رابردوو لە راگەیێندرێکدا بەناونیشانی "بۆ بەرچاوڕوونی هاونیشتمانیان و مووچەخۆران، وەک بەڵگە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە لە دواکەوتنی مووچە"، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
رێبار حەملان دەڵێت، ئەمڕۆ [دوێنێ سێشەممە] 549 ملیار و 572 ملیۆن دینار لە بەغداوە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی 8ی فەرمانبەران.
 
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان چاوەڕێی پارەدارکردنی تەواوی موچەخۆران بوو بۆ مانگی حەوت، نەوەک بەشێکی مانگی هەشت.
 
لە راگەیێندراوەکەیدا، رێباز حەملان نووسیویەتی، "وەزارەتی دارایی هەرێم[ـی کوردستان] هێشتا لیستی مووچەی مانگی ئابی رەوانەی بەغدا نەکردووە. چۆن وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی ئابی ناردووە؟ کاتێک پرسیاریان لێکرا، گوتیان ئێمە لەسەر لیستی مانگی تەمموز ناردوومانە".
 
ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەی مانگی ئاب "باشترین بەڵگەیە کە بەغدا ئەمەی بەرامبەر هەرێم[ـی کوردستان] دەیکات تەواو سیاسییە و هیچ بنەمایەکی هونەری و کارگێڕی و یاسایی نییە"، ئەوە بەگوێرەی گوتەکانی رێباز حەملان.
 
پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە، تێبینیان لەسەر لیستی مووچەی مانگی حەوت هەبووە. رێباز حەملان دەپرسێت، "کە تێبینیتان هەیە ئەی چۆن لەسەر هەمان لیستی مووچەی مانگی حەوت، مووچەی مانگی هەشتتان نارد بێ ئەوەی هێشتا هەرێم [ـی کوردستان] داوای کردبێت".
 
بڕیارە سبەی شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق کۆببێتەوە. یاریدەدەری سەرۆکوەزیران دەڵێت، کۆبوونەوەکان "بۆ بابەتی مووچەی مانگی حەوتن".