رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، بە عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانیان راگەیاندووە کاتی دیاریکراو بۆ چەککردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان درێژناکەنەوە.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ (دووشەممە، 28-08-2023) لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا گوتی، بەپێی رێککەوتنێک کە لەگەڵ حکومەتی عێراق کردوویانە، دەبێ گرووپە دژبەرەکانیان چەک بکرێن و بنکە چەکدارییەکانیان چۆڵ بکەن و بگوازرێنەوە بۆ ئەو کەمپانەی حکومەتی عێراق بۆیان دیاری دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، کاتی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە 28ـی خەرمانانی 1402ـی هەتاوی واتە 19-09-2023ـە و بە هیچ شێوەیەک ئەو کاتە درێژ ناکەنەوە و، ئەو بابەتەیان بە حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانیش راگەیاندووە.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە 19-03-2023 بە سەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتنێکی ئەمنییان لە بەغدا لەبارەی چالاکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد. رێککەوتنەکە بە ناوی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی نێوان دوو وڵاتە.
محەممەد باقری، سەرۆکئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رۆژی 11-07-2023 رایگەیاند، ئەگەر عێراق تاوەکو دوایین مانگی هاوین پابەندییەکانی بۆ چەککردنی حیزبە دژبەرەکانی ئێران جێبەجێ نەکات، هێرشی تووندتر لە جاران دەکرێتە سەر ئەو حیزبانە.
ئێران لە 08-09-2018ـەوە چەندینجار بنکە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانەکانیانی لە باشووری کوردستان کردووەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ