بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە: لە هەوڵداین بۆ دەستپێکردنی عومرە لە رێگەی وشکانییەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە مانگەکانی رابردوو، نرخی عومرە دابەزیوە. کۆمپانیایەکی حەج و عومرە لە هەولێر دەڵێت، دوو جۆر نرخیان هەیە: 670 دۆلار و 770 دۆلار کە یەکێکیان بێ خزمەتگوزارییە. بەڕێوەبەری حەج و عومرەش دەڵێت، کۆمپانیاکان بە دابەزینی نرخ، کێبڕكێ بۆ هەبوونی زۆرترین زیارەتکار دەکەن.
 
رۆژی دووشەممە 28ـی ئابی 2023، کاروان نەوزاد لە کۆمپانیای حاجی ئەحمەد بۆ حەج و عومرە لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێگەی ئاسمانی بۆ گەشتی عومرە دوو جۆری هەیە؛ 670 دۆلار بێ خزمەتگوزاری و، 770 دۆلار بە خزمەتگوزارییەوە."
 
شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەرزی و نزمی نرخ، پشت بە رکابەری کۆمپانیاکان دەبەستێت کە دەیانەوێت زۆرترین زیارەتکار بۆ خۆیان رابکێشن؛ گوتیشی، "لیژنەی بەدواداچوونمان لە هەرێمی کوردستان و سعودیەش هەیە بۆ ئاگاداربوون لەو خزمەتگوزارییانەی پێشکێشی هاونیشتمانیان دەکرێن."
 
لەبارەی چوون بۆ سعودیە بۆ عومرەکردن بە رێگەی وشکانی، شێخ نیاز نەقشبەندی گوتی، لەگەڵ حەج و عومرەی عێراق دیدار و گفتوگۆیان هەبووە و هەردوولا پێیان باشە گەشتی وشکانیش هەبێت؛ گوتیشی، "وەزیری ئەوقافی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵە بۆ کردنەوەی گەشتی وشکانی و ئومێد دەکەین لە داهاتوودا بە فەرمی رایبگەیێنین."
 
جیاوازیی رێگەی وشکانی و ئاسمانی نرخە. ئەگەر رێگەی وشكانی بۆ عومرە بکرێتەوە، نرخی گەشتی عومرە کەمتر دەبێت لە 500 دۆلار.
 
 نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی دابەزینی نرخ ئەنجامی کێبڕکێیە و لە بەرژەوەندی هاونیشتمانیانە؛ "ئەگەر (کۆمپانیاکانی حەج و عومرە) بەگوێرەی رێککەوتنیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان خزمەتی هاونیشتمانیان نەکەن، رووبەڕووی لێپێچینەوەیان دەکەینەوە."
 
ساڵی رابردوو 215 کۆمپانیای حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان گرێبەستی کارکردنیان هەبوو بۆ بردنی هاونیشتمانیان بۆ عومرە. ئەمساڵ تاوەکو ئەمڕۆ 160 کۆمپانیای حەج و عومرە گرێبەستیان تۆمارکردووە یان نوێیان کردووەتەوە، پرۆسەکەش بەردەوامە.