وەزارەتی دارایی سکاڵا لەسەر ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆماردەکات

28-08-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن رووداوی ئەمڕۆ کەریم عەلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی لێدوانێک لەبارەی دەروازەی سنووری پەروێزخان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، وەزارەتی دارایی سکاڵا لەسەر کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار دەکات. ئەو ئەندامە دەڵێت، "فەرمانی دەستگیرکردنم دەرچووە و دراوەتە ئاسایشی گەرمیان."
 
رۆژی 17-08-2023 کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "11ـی ئاب لیژنەیەک لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە سەردانی دەروازەی پەروێزخانی کرد بۆ چاودێریی کاری دەروازەکە، بەڵام چەندین تانکەر لە لیژنەکە شاردرابوونەوە. لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەی کە کاری گواستنەوەی نەوت و پاشماوەی پاڵاوگەی نەوتی دەکەن لە دەروازەکەوە رۆژانە نزیکەی 700 بۆ 800 تانکەر لە دەروازەکەوە دەچنە دیوی ئێران."
 
کەریم عەلی گوتیشی، "بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی بۆ ئێمە نێردراون، ئەو رۆژەی لیژنەکە هاتووە، ئەو تانکەرانە لەو ناوچەیە ونکراون و کراونەتە دیوی ئێران؛ ئەوانەش کە نزیک بوون لە دەروازەکە، ئاگادارکراونەتەوە کە لەوێ نەمێنن و بچنە ئەو رێگانەی لە دەروازەکەوە دیارنین. ئەو شتانەی لە دەروازەکەوە دەنێردرێن نایاسایی و قاچاخن، ئەگەر وا نییە بۆچی لە لیژنە دەشاردرێنەوە؟"
 
ئەمڕۆ (دووشەممە 28-08-2023) کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی ئەو گوتانەم لەبارەی شاردنەوەی تانکەرەکانی پەروێزخان لە کەناڵی رووداو، وەزارەتی دارایی بەگوێرەی مادەی 2ـی خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووم."
 
بە گوتەی کەریم عەلی، دوێنێ فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکراوە و دراوەتە ئاسایشی گەرمیان، لە کاتێکدا دەبوو بدرێتە پۆلیس و دەشڵێت، سبەی یان دوو سبەی لەبارەی سکاڵاکە دەچێتە دادگا.
 
دەروازی نێودەوڵەتیی پەروێزخان دەکەوێتە سنووری ئیدارەی گەرمیان و یەکێکە لە دەروازە فەرمییە نێودەوڵەتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئێران.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە