وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری ئێران: پێویستە کڵاشی هەورامان بە گەشتیاران بناسێندرێت

28-08-2023
سینا سۆما
کڵاشی هەورامی
کڵاشی هەورامی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کولتوور، گەشتوگوزار و پیشە دەستییەکانی ئێران لە سەردانێکدا بۆ ناوچەی هەورامان گوتی، دەبێت هەوڵبدرێت گەشتیاری نێوخۆ و بیانی بە پێڵاوی تایبەت و رەسەنی ناوچەکە کە بە کڵاش دەناسرێت، ئاشنا بکرێت.
 
سەید عیزەتوڵڵا زەرغامی، وەزیری کولتوور، گەشتوگوزار و پیشە دەستییەکانی ئێران رۆژی یەکشەممە، 27-8-2023 سەردانی شاری پاوە و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەورامانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و رایگەیاند، ناوچەکە بۆ گەشتیاری زۆر گونجاوە و جێبەجێکردنی پرۆژەی تایبەت دەبێتە هۆی گەشەسەندنی.
 
سەید عیزەتوڵڵا زەرغامی کە بە یاوەری ئارەش لهۆنی، نوێنەری پاوە لە پەرلەمانی ئێران سەردانی ناوچەکەی کرد، رێگەی ناسراو بە "بانی پاوە"ی بەسەرکردەوە کە دەڕوانێت بە سەر شارەکەدا و جەختی لە پێویستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی جۆراوجۆر بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاریی شارەکە کردەوە.
 
زەرغامی هەروەها سەردانی گوندی مێوانی سەر بە پاوەی کرد و پێشانگەیەکی کڵاشی بەسەر کردەوە کە لە لایەن ژنانی ئەو گوندەوە دروستکراون؛ جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت پشتگیری پیشە دەستییەکان بکرێت و "هەوڵ بدرێت کڵاشی هەورامان بە گەشتیاریی نێوخۆ و بیانی بناسێندرێت."
 
هەورامان ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستانە کە بەشێکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکیشی لە هەرێمی کوردستانە. ئەو بەشەی هەورامان کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سنووری هەردوو پارێزگای سنە و کرماشانە. لە دیوی باشووری کوردستانیش، هەورامان دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.
 
وەزیری کولتوور، گەشتوگوزار و پیشە دەستییەکانی ئێران رۆژێک پێشتریش سەردانی پارێزگای سنەی کردبوو و چەندین پڕۆژەی گەشتیاری و کارگەی تایبەت بە پیشە دەستییەکانی ئەو پارێزگایەی بەسەر کردبووەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە