لە سلێمانی تووشبووانی سکچوون و رشانەوە لە بەرزبوونەوەدایە؛ 'سەوزە و ماستاو لە چێشتخانەکان قەدەخە کرا'
رووداو - سلێمانی
نەخۆشخانەکانی سلێمانی پڕ بوون لەو کەسانەی تووشی سکچوون و رشانەوە بوون، بەرپرسانی تەندروستیی شارەکەش هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا دەدەن.
منداڵێک ماوەى چوار رۆژە سکچوون و رشانەوەیەتی، بێهێزە و خۆراکیشی بۆ ناخورێت، دایکی و باپیرەی لەگەڵی دەمێننەوە تاوەکو کەمێک تەندروستیی باشتر دەبێت. محەممەد مینە کەریم، باپیرەی منداڵەکە دەڵێت، "تەمەنی سێ ساڵە، ماوەیەکە لەبەردەم فێنککەرەوە دەخەوێت و بەتانیی لەسەر لاچووە و سەرمای بووە، لەوانەیە بەوە تووشی سکچوون و رشانەوە بووبێت، بۆیە دکتۆر گوتی دەبێت لە نەخۆشخانە بخەوێندرێت."
رووداو زانیویەتی، لە ماوەی شەو و رۆژێکدا نزیکەی 200 تووشبووی سکچوون و رشانەوە سەردانی هەردوو نەخۆشخانەکانی شار و منداڵانیان کردووە، لە کاتێکدا پێشتر نەدەگەیشتە نیوەی نەخۆشەکانی ئێستا.
لاڤان دارا، دایکی نەخۆش ئاماژە بەوە دەکات، "لەم کاتانەدا ناهێڵم ماست و چپس و هەندێک خواردنی دەرەوە زۆر بخۆن، ناهێڵم بە رۆژ لە ماڵ بچنە دەرەوە و گەرمایان ببێت."
منیرە حەسەن، دایکی نەخۆش گوتی، "450 هەزار دینارمان بە تەنکی داوە، بەڵام بەهۆی خراپیی کوالێتییەکەیەوە نیوەی بووە بە ژەنگ، ئەم خەڵکەش هەر بەهۆی ئەم خواردن و ئاوە خراپانەوە تووشی سکچوون و نەخۆشی دەبن، کوڕەکەشم لە بەهارەوە 10 جار تووشی سکچوون بووە."
تەندروستیی سلێمانی بە مەبەستی پێشگیری لە پەتای کۆلێرا رێنوێنیی بڵاوکردووەتەوە و بەکارهێنانی سەوزە و دۆ و ماستاوی لە چێشتخانەکان قەدەخە کردووە، هاوکات داوایکردووە هاونیشتمانییان لە پاکیی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە دڵنیابنەوە.
هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، "40% بۆ 50%ی گەڕەکەکانی سلێمانی پشت بە سەرچاوەی ئاوی نافەرمی دەبەستن، کە لەڕێگەی شەمعەکانەوە ئاو وەردەگرن، ئەم شەمعانەش زیاتر لە 80 دانەن، کە 15%ی حکومین و ئەوانی دیکە نافەرمین و سەرچاوەیەکن بۆ بڵاوبوونەوەى کۆلێرا، لە ماوەی رابردووشدا لەناو منداڵاندا سکچوون و رشانەوە زۆر بوو، بەڵام ئێستا گەورەشی گرتووەتەوە، کە بارودۆخیان قورس نییە."
لە پارێزگای سلێمانی ژوورێکی عەمەلیات و لیژنەیەکی باڵای تەندروستی بۆ پێشگیری لە پەتای کۆلێرا پێکهاتووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ژمارەیەک پشکنینی رەوانەى تاقیگەکانی بەغدا کردووە، بۆئەوەی بزانێت ئایا ئەو سکچوون و رشانەوەیەی ئێستا بڵاوبووەتەوە کۆلێرایە یان نا، کە لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا ئەنجامی پشکنینەکان دەردەچن.