بەهۆی داخستنی رێگەیەکی سەرەکیی کەرکووک بەشێک لە قوتابی و خوێندکاران تاقیکردنەوەی خولی دووەمیان لەدەستچوو

 
رووداو - کەرکووک

قوتابییەکی پۆلی سێیەمی ناوەندیی لە کەرکووک بەهۆی داخستنی رێگەکەی لەلایەن خۆپێشاندەرانی عەسایب لە دەروازەی کەرکووک، نەیتوانی لەکاتی خۆی بگاتە هۆڵی تاقیکردنەوەکەی، دەڵێت، بەهۆی درەنگ گەیشتنی "ئەوەندە مابوو قاچی مامۆستا ماچ بکەم، بەڵام نەیهێشت بچمە ژوورەوە."
 
باوکی ئەو قوتابییەی سێیەمی ناوەندی بە سواری ماتۆڕ و دواتریش ئۆتۆمبێلی بۆ گرتووە، کەچی کچەکەی هەر فریای تاقیکردنەوەی خولی دووەم نەکەوت، لەگەڵ دەیان خوێندکاری دیکەی هاوشێوەی خۆی چوونەتە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و پێیان گوتراوە، چارەیەکتان نییە و بە دەرنەچوو ئەژمار دەکرێن.
 
سۆما شاهین، خوێندکاری سێیەمی ناوەندی دەڵێت، "رێگەکە زۆر قەرەباڵخ بوو، نەمانتوانی نە بە ماتۆڕ و نە بە ئۆتۆمبێل بچین، کاژێر 08 :50خولەک گەیشتمە هۆڵی تاقیکردنەوە، ئەوەندە مابوو قاچی مامۆستا ماچ بکەم، بەڵام نەیانهێشت بچمە ژوورەوە."
 
تەنیا قوتابیانی قۆناخی ناوەندی نا، بەڵکو بەشێکی زۆر لە خوێندکارانی قۆناخی زانکۆش نەگەیشتوونەتە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانیان.
 
هیمداد ئاراس، خوێندکاری زانکۆ لە کۆلێژی یاسا دەڵێت، "تاوەکو گەیشتمە زانکۆی کەرکووک، کات بووە 10:20 خولەک، تاوەکو گەیشتم تاقیکردنەوە کرا و هی من و ژمارەیەک خوێندکار بەفیڕۆچوو."
 
نەجوە کاکەیی، کە ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانە، بەدوای رێگەچارەیەکدا وێڵە بۆ ئەو خوێندکارانە و دەڵێت، سەرۆکی زانکۆ بەڵێنی داوە کێشەی ئەو خوێندکارانەی زانکۆ چارەسەر بکرێت کە فریای تاقیکردنەوەکان نەکەوتن، بەڵام داوایان کردووە وەزارەتی پەروەردەش رێگەچارەیەک بدۆزێتەوە.
 
نەجوە کاکەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "لەسەر هێڵین لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی تاقیکردنەوەکان و بەڕێوەبەری پەروەردە و وەزیری پەروەردە، بۆئەوەی ژمارەی ئەو خوێندکارانە بزانین و چارەسەرێکیان بۆ بدۆزینەوە، خوێندکارمان هەیە نەگەیشتووەتە بنکەی تاقیکردنەوەی زانکۆ، بەڵام سەرۆکی زانکۆ هاوکارە لەگەڵیان."
 
خۆپێشاندانی لایەنگرانی عەسایب لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و داخستنی رێگەی کەرکووک - هەولێر لە دەروازەی شارەکە رێگەیەکی پێنج خولەکیی لە خەڵک و شۆفێران کردووەتە زیاتر لە کاژێرێک.
 
حوسێن لەتیف، شۆفێر گوتی، "بەنێو ئەم هەموو دەشت و دەرەدا ئەزیەتی زۆرمان بینی، ماڵم لەم شۆراوەیە، تاوەکو چوومەتە ئەو پێشە و هاتوومەتەوە 45 خولەکم پێچووە."
 
نەهرۆ کانەبی، شۆفێری بارهەڵگری بچووک ئاماژەی بەوە کرد، "زۆر زۆر زەحمەتە. من بەیانی لە هەولێرەوە هاتم، بە دوبزدا هاتم، ئێستاش گەڕامەوە گوتیان بەناو ئەم خۆڵ و دار و بەردەدا رێگە هەیە."
 
داخستنی دوو سایدی رێگەیەکی سەرەکی لەلایەن لایەنگرانی عەسایب جیا لە دروستکردنی ئاستەنگی هاتووچۆ، هاوکات بەهۆیەوە چەندین رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و قەرەباڵخییەکی زۆر لەنێو کۆڵانەکان دروستبووە.