وەرزی بنێشتگرتن لە دارەبەنەکانی پارێزگای ئیلام دەستیپێکرد

28-08-2023
فواد حەقیقی
درەختێکی دارەبەن
درەختێکی دارەبەن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەرزی بنێشتگرتنە و رێکخراوی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیلام، حەوت ساڵ بوو بنێشتگرتنی لە دارەبەنەکان قەدەخە کردبوو، ئەگەرچی هەر لێیان دەگیرا. ئێستا ئیبراهیم پیرزادیان، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیلام دەڵێت، "ئەمساڵ بارانی باش باری؛ بۆیە بۆ بنێشتگرتن مۆڵەت بە 122 دامەزراوە درا و راهێنانیان پێکرا."
 
سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیلام هەندێک رێوشوێنی بۆ بنێشتگرتن دیاریکردووە کە ئەوانیش بریتین لەوەی، نابێت برینی سەر دارەکان زۆر قووڵ بێت، نابێت ئەو لقانەی کەمتر لە 20 سانتیمەتر ئەستوورن بنێشتیان لێوەربگیرێت؛ پێویستە خەڵکی لە چاودێری و پاراستنی دارستانەکاندا بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر چالاکڤانانی ئیلام ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە و گوتیان، کەسانێک کە خەڵکی ئیلام نین، خەریکە دارەبەنەکانی شاخی مانشت لەنێودەبەن. دواتر رێکخراوی پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکانی شاری ئیلام رایگەیاند، هەموو قاپە گڵەکانیان لەنێوبردووە و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران گیراوەتەبەر.
 
سەرەڕای قەدەخەکردنی بنێشتگرتن لە پارێزگای ئیلام، خەڵکی ناوچەی موورت سەر بە شاری چەوار چەند رۆژ لەمەوبەر گلەییان کرد کە هەموو ساڵێک مۆڵەت بە کەسانێکی خەڵکی شوێنی دیکە دراوەو لەو ناوچەیەدا بنێشت بگرن. ئەوان دەپرسن، 'کێ مۆڵەت دەدات؟ پارەی ئەم مۆڵەتانە بۆ کێ دەبێت؟'
 
بنێشتگرتن جگە لە ئیلام، لە ناوچەکانی رۆژئاوای پارێزگای کرماشانیشدا باوە و سەرچاوەی داهاتی نزیکەی 5000 خێزانە.
 
حەوت هەشت ساڵە بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سرووشتییەکان پڕۆژەیەکی دەستپێکردووە، ئەویش ئەوەیە خەڵک هانبدرێن روو بکەنە باخداریی دارەبەن.
 
باخەوانێک دەڵێت، "هەرکەس 400 دار لەم دارەبەنە بڕوێنێت، بژێویی ژیانی دابین دەکات و زۆریش باش دەبێت. من کە ئەم دارەم رواند، ئاوم نەدا، ئاوی ناوێت، بە ئاوی باران تێر ئاو دەبێت."
 
بنێشتە تاڵە لە بوارەکانی پزیشکی، دەرمان، رەنگ، خۆراک و تەندروستیدا بەکاردێت. بنێشتگرتن لە دارەبەنەکان لە کوردستاندا مێژوویەکی هەیە، بەڵام ئێستا بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ئەو دارانە، کە ژمارەشیان زۆر نییە، کەوتوونەتە مەترسییەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.