پەرلەمانتارێکی کورد: بەهۆی نەگەڕاندنەوەی 171 رووفاتەکەی بەغداوە گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵنادرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی گەرمیان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، نزیکەی 260 گۆڕی بەکۆمەڵ لە باشووری عێراق هەن و تائێستا هیچ هەوڵێک نەدراوە بۆ هەڵدانەوەیان، کە بەشێکیان مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە. دەشڵێت، گرفتی 171 رووفاتی ئەنفالکراوانی گەرمیان لە دادپزیشکیی بەغدا هۆکارە بۆئەوەی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بوەستێت.
کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەکێتی و نوێنەری گەرمیان لە پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، "ئێمە تەنیا کێشەی ئەو کۆمەڵە رووفاتەمان نییە، کە 171 رووفاتە و لە بەغدایە، بەڵکو گرێیەکی یاساییە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، دەبوایە لەدوای دەرکردنی یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکان یەکلابکرایەتەوە."
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی گوتیشی، "171 رووفاتەکە ئێستا دەرهێندراون لە کۆی دەیان هەزار ئەنفالکراو، ژمارەیەکی کەمە، بەڵام ئێستا بووەتە گرێ و دەبێت چارەسەری بکەین، چونکە ئەم گرفتە بووەتە هۆکار بۆ هەڵنەدانەوەی گۆڕەکانی دیکە."
تەیموور عەبدوڵڵا، کە تاقانەیەکی رزگاربووی گۆڕە بەکۆمەڵەکانە، رۆژی 05-08-2022 بە رووداوی گوت، کەسوکارەکەی لەو گۆڕانەدا شەهیدکراون و خۆیشی بە برینداری رزگاری بووە، نایانەوێت رووفاتەکان بهێندرێنەوە تاوەکو دی ئێن ئەی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەکرێت.
تەیموور عەبدوڵڵا دەڵێت، بەگوێرەی یاسا مامەڵەی کردووە و رێگریی لە گەڕانەوەی رووفاتەکان کردووە؛ گوتیشی، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان گوێیان لێنەگرتووە و ئەویش لە سەماوە سکاڵای دژی دەزگای شەهیدانی عێراق و وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە.
نوێنەرەکەی گەرمیان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو سکاڵایەی تۆمار کراوە، رێگر نییە لە هێنانەوەی رووفاتەکان، چونکە ناوەرۆکی سکاڵاکە و ناوەڕۆکی کێشەکە یەک شتن، ئێمە لەسەر داوای کەسوکاری ئەنفالکراوان، داوامانکردووە بەبێ پشکنین ئەو رووفاتانە نەگەڕێندرێنەوە و بەخاک نەسپێردرێن، چونکە لەڕووی یاسایی و زانستییەوە دەبێت چارەنووسیان یەکلابکرێنەوە، چونکە دەبێت دوای 35 ساڵ بزانن ئەم رووفاتانە کەسوکاری کێن."
بەگوێرەی یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە ساڵی 2006 لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، ئەرکی لایەنی عێراقییە کە پشکنین و چارەنووسی ئەو رووفاتانە دیاری بکات لە رێگەی پشکنینی DNA، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "لایەنی عێراقی کەمتەرخەمن."
کاروان یاروەیش دەشڵیت، "راستە ئەو رووفاتانە چەند کەسێکیان بە ناسنامەکانیان خەڵکی سنووری چەمچەماڵن، بەڵام ئەوانەی ئەنفالکراون لە سەربازگە و زیندانەکانی تۆپزاوە و نوگرەسەلمان تێکەڵکراون، لەڕووی زانستی و واقعییەوە ناکرێت ناسنامەیەک دۆزراوەتەوە بڵێین هەموویان خەڵكی شوێنێکن، هەزاران ئەنفالکراو کە زیندەبەچاڵ کراون، جیانەکراونەتەوە لەسەر بنەمای گوند و ناوچەکان."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، پشکنینی DNA بۆ ئەو رووفاتانە نزیکەی دوو ملیار دیناری پێویستە و دەڵێت: "پێشتر محەممەد شیاع سوودانیمان بینی و یەکێک لەو داواکارییانەی پێشکێشمان کرد پرسی ئەو رووفاتانە بووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوین، چونکە ئێستا نزیکەی 260 گۆڕی بەکۆمەڵ لەبیابانەکانی باشووری عێراق دەستنیشانکراون و مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە."
کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەدا پێشنیازیان کردووە، کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکانی؛ شەهیدان و ئەنفالکراوان، تەندروستی و ناوخۆ و داد، رابسپێرێت بۆ وەرگرتنی نموونەی DNA لە کەسووکاری ئەنفالکراوان بۆ ئەوەی لەداهاتوودا لە دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئەم گرفتە دووبارە نەبێتەوە."