باخەکانی هەورامان لە بێئاویدا زەرد هەڵگەڕاون و خەریکە وشکدەبن

29-08-2022
فواد حەقیقی
دانیشتووانی هەورامان: ئاوی پێویستمان نییە بۆ ئاودانی باخەکان
دانیشتووانی هەورامان: ئاوی پێویستمان نییە بۆ ئاودانی باخەکان
A+ A-

رووداو دیجتیاڵ

هەرچەندە هەورامان ناوچەیەکی پڕ ئاو بوو، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی بارینەکان و سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران بۆ دروستکردنی بەنداو لەسەر رووباری سیروان، تووشی کێشەی کەمئاوی بووە و باخەکانی هەورامان بەهۆی بێئاوییەوە خەریکە وشک دەبن و لەنێو دەچن. 
 
رۆژی شەممە جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێران بۆ بەدواداچوونی ئەو کێشەیە سەردانی پاوەی کرد و رایگەیاند، چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە دەدۆزنەوە. قایمقامی پاوە دەڵێت، وەک چارەسەری کورتخایەن، بە تانکەر ئاو دەدرێتە خاوەن باخەکان و لە درێژخایەنیشدا، شێوازی ئاودانی باخەکان دەگۆڕن.
 
ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت باخەکانی گوندی هانەگەرمڵە لە ناوچەی هەورامانە، ساڵان رابردوو لەم کاتەدا سەوز بوون، بەڵام ئێستا لە دوورەوە کاریگەریی وشکەساڵیان پێوەدیارە.
 
ناوچەی شاخاویی هەورامان، بە کەمی دانەوێڵەی تێدا دەچێنرێت و زیاتر رەز و باخە، بەڵام وشکەساڵی و کەمئاوی خەریکە باخەکان لەنێو دەبەن. 
 
محەممەد مەهدی برومەندی، جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند، "پارێزگای کرماشان لە بواری ئاسایشی خۆراکی ئێراندا پارێزگایەکی زۆر گرنگە، بەتایبەت لە بواری باخداریدا، 44 هەزار باخی هەیە و نزیکەی 350 هەزار تۆنیش بەرهەمی میوەی هەیە. لە شاری پاوەدا چوار هەزار هێکتار باخمان هەیە، بەڵام بەداخەوە وشکەساڵی و کەمیی ئاو، بەشێکیان زیانیان بەرکەوتووە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بڕیاردرا کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵ و و بەرپرسانی شاری پاوە و پارێزگای کرماشان بکرێت".
 
ئارەش لهۆنی، نوێنەری هەورامان لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "بڕیاردرا لە دوو بواردا هەوڵ بدرێت. یەکەم بۆ درێژماوە، بەڵام بابەتی سەرەکی پرسی کورتمەودایە، کە دەبێت هەندێ رێکاری فریاکەوتنی خێرا بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە وشکبوونی باخەکانی ناوچەکە."
 
کەمبوونەوەی ئاو لەم ناوچەیە، تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر باخەکان، بەڵکو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی دانیشتووانەکەشی دەبێت. ئێستا تەنانەت هەندێک لە گوندەکانی پاوە و نێو شارەکەش لەبەر بێ ئاوی کێشەیان بۆ دروست بووە.
 
ساوندبایت ئەردەشیر رۆستەمی، قایمقامی پاوە دەڵێت، "لە کورتماوەدا تەنکەری ئاو دابین دەکرێ و بودجەیان بۆ تەرخان دەکرێ و هەروەها چەند پەمپێکی ئاو بە شاری پاوە دەدرێت، بۆ ئەوەی لە کورتماوەدا باخەکان لە وشکبوون رزگار بکەین، بۆ درێژماوەش شێوازی ئاودێری لە شێوازی کۆنەوە بۆ مۆدێرن بگۆڕین".
 
هەناری هەورامان بەناوبانگە، هۆکاری ئەوەش خاک و هەوای گونجاو و ئاوی زۆری ناوچەکە بووە، بەڵام ئەم دۆخە جوگرافیاییە خەریکە دەگۆڕێت و ئەمەش واتە لەنێوچوونی بەروبوومی سەدان ساڵەی هەورامان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە