هەڤاڵ ئەبوبەکر: پێشوازی لە گۆڕینی پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەکەم
رووداو - هەولێر
پێنجشەممەی رابردوو یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتی داوای پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە گۆڕان کردووەتەوە، پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت، پێشوازی لەهەر هەنگاوێک بۆ گۆڕینی پۆستەکە دەکات.
هەڤاڵ ئەبوبەکر کە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر لە چوار ساڵ و هەشت مانگە پارێزگاری سلێمانییە، رۆژی شەممە 27ـی ئابی 2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێشتر و بەر لە کۆتاییهاتنی چوار ساڵ کارکردنی وەکو پارێزگار، بە فەرمیی داوای بەخشینی لە پۆستەکەی کردووە.
سەبارەت بەوەی ئەگەر داوای دەستلەکارکێشانەوەی لێ بکرێت لە لایەن گۆڕانەوە ئامادەیە، هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: "لەگەڵ ئەوەی لەڕووی یاساییەوە دەتوانین بەردەوامبین تاوەکو هەڵبژاردنی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ، لە هەمانکاتدا پێشوازیی لە هەر هەنگاوێک بۆ گۆڕینی پارێزگاری سلێمانی دەکەین چ لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕان خۆیەوە، یان بەڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنە بەشدارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بێت".
رۆژی 25ـی ئابی 2022، یەکێتی و گۆڕان لە دەباشان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و عومەر سەید عەلی کۆبوونەوە. بەرزان شێخ محەممەد، ئەندامێکی شاندی بزووتنەوەی گۆڕان کە بەشداریی کۆبوونەوەکە کردبوو، رۆژی 26ـی ئابی 2022 بە رووداوی گوت، لە کۆبوونەوەکە "باسی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی یەکێتی و گۆڕان و شتی دیکەش کراوە." بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتی داوای پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە گۆڕان کردووەتەوە.
بارزان شێخ محەممەد کە هاوکات جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییە، ئاماژەی بەوەش کرد، بزووتنەوەی گۆڕان گلەییان هەیە لەوەی کاتی خۆی خاڵەکانی رێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ نەکراون و چەندین پۆست هەبوون گۆڕان وەرینەگرتوون، لەوانە قایمقامی هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و لێپرسراوی ئیدارەی راپەڕین کە دواتر جێگرەکەی درایە گۆڕان.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا، رۆژی 11-12-2014 یەكێتی و گۆڕان لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە و چەند پۆستێكی دیكەی ئەو دوو پارێزگایە گەیشتنە رێككەوتن. بەپێی بڕگەیەكی ئەو رێككەوتنە، ساڵ و هەشت مانگی یەكەم پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەلای یەكێتی دەبێت و پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە لەلای بزووتنەوەی گۆڕان، پاشان ساڵێك و هەشت مانگی دیكە پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەدرێتە بزووتنەوەی گۆڕان و پارێزگاری هەڵەبجەش دەدرێتە یەكێتی.
رۆژی 11ـی کانوونی یەکەمی 2014، د. ئاسۆ فەرەیدوون، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لایەن ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە پارێزگار هەڵبژێردرا و لە 7ـی کانوونی دووەمی 2015 دەستبەکاربوو، لە 25ـی ئابیش ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەخشینی لە پۆستەکەی پەسەندکرد.
دواتر هەڤاڵ ئەبوبەکر، بەربژێری بزووتنەوەی گۆڕان لە رۆژی 4ـی کانوونی یەکەمی 2017 بووە پارێزگاری سلێمانی و تاوەکو ئێستا لە کارەکانی بەردەوامە و جەخت لەوەدەکاتەوە: "پابەندی هەر رێککەوتنێکی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبم".