ماکرۆن: دۆخی ئێستای ئێزدییەکان جێگەی داخە
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە تەوەرەکانی لووتکەی بەغدا باسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بوو، لەو چوارچێوەیەشدا باسی دۆخی شنگال و ئەو ناوچانەی دیکە کرا کە لەژێر دەستی داعش دەرهێندراون. ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد، "دۆخی ئێستای ئێزدییەکان جێگەی داخە؛ هیوادارین ئەوەی لەم کۆنگرەیەدا گەڵاڵە دەبێت، ببێتەهۆی باشترکردنی دۆخی ژیانیان."
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا شەوی رابردوو گەیشتە بەغدا بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی بەغدا، ئەمڕۆش لەوێ گوتارێکی پێشکێشکرد.
لەبارەی شنگال ماکرۆن لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی، "فەرەنسا پابەنددەبێت و لەپاڵ ئێودەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، مادام ئێوە پێتانوایە بە سوود و گرنگە. بڕیاری کۆتاییش لای ئێوەیە، بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی تیرۆر، واتە گەڕانەوە سەقامگیریی تەواو بۆ ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانی دەستی داعش لەوانەش شنگال."
ماکرۆن کە رووی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، ئەوەشی گوت، "شنگال ناوچەیەکە زۆر قسەتان لەسەر کردووە و بەم دواییانەش سەردانتان کردووە، بەتایبەتی بیرکردنەوە لە ئێزدییەکان، کە تاوەکو ئێستا 100 هەزاریان ئاوارەن. ئێمە لەگەڵ نادییە موراد کارمان کردووە، ستایشی پابەندبوونەکانیان دەکەین، دۆخی ئێستای ئێزدییەکان جێگەی داخە؛ هیوادارین ئەوەی لەم کۆنگرەیەدا گەڵاڵە دەبێت، ببێتەهۆی باشترکردنی دۆخی ژیانیان."
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لەباسی شنگالدا گوتی، "چەند رۆژێک لەمەوبەر لە شاری شنگالی خۆشەویست بووم لە پارێزگای نەینەوا، بەمەبەستی کارکردن لەسەر ئەوانەی تاوەکو ئێستا لە ئاوارەیی ماونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هەنگاوی گەورەمان بڕی لە گەڕانەوەی زۆربەی ئاوارەکان بۆ شارەکانیان، کە تیرۆر لەماوەی داگیرکاری رێکخراوی داعش وێرانی کردبوون."
بە گوتەی کازمی، ئەوان ئێستا کار بۆ بەگەڕخستنی پرۆژەکان دەکەن "بەمەبەستی گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ هەموو شارەکانی عێراق، سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکان، کە وەک بەرپرسیاریەتی فەرمانڕەوا لێی دەڕوانین، ئەوەش بەمەبەستی بەدیهێنانی خواستی گەلەمان و داواکارییە راوەکانی بۆ چاکسازیی لە هەموو ئاستەکاندا."
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی هەڵبژاردنی پێشوەختەیشی کرد کە بڕیارە لە 10ـی ئۆکتۆبەری داهاتوو بەڕێوەبچێت. گوتی، "ئەو هەڵبژاردنە رێچکەی قۆناخی داهاتوو دیاری دەکات. داوامان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، پشتوانی ئەو هەڵبژاردنە بکات لە رێگەی تیمەکانی چاودێریەوە و ئەوانیش بە ئەرێنی وەڵامیان داوەتەوە. سوپاس و ستایشی رێکخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین لەسەر ئەو هەڵوێستەیان. گەلی عێراقی رێچکەی دیموکراسی گرتووە بۆ دیاریکردنی بژاردەکانی. ئەو رێچکەیە لە رێگەی ئەزموونەوە پەرەی پێدەدرێت و هەندێک لە کەموڕییەکان چارەسەر دەکات. گەڕانەوە نییە بۆ رابردوو. گەڕانەوە نییە بۆ رێچکەی نادیموکراسی. گەڕانەوە نییە بۆ پەیوەندی بارگرژی و جەنگە وێرانکارەکان لەگەڵ دراوسێ و دۆستەکان."