بەرهەمی برنجی خۆماڵی لە دوو ساڵی رابردوودا 55% زیاد بووە

28-08-2019
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن برنج
A+ A-

رووداو- هەولێر

ماوەی چەند ساڵێكە خواست لەسەر برنجی خۆماڵی زیاد بووە، بەم هۆیەشەوە جووتیاران جارێكی دیكە روویان لە چاندنی برنج كردووەتەوە. ماوەی دوو ساڵە رووبەرێكی فراوان لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و پارێزگای دهۆك بەتایبەتی بە برنج دەچێنرێ.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كە پشتی بە داتای كشتوكاڵی پارێزگاكان بەستووە، بەرهەمی دوو ساڵی رابردووی برنج لە هەرێمی كوردستان بەراورد بە دوو ساڵی پێشتر 55.6% زیاد بووە، بەجۆرێك بڕی بەرهەم لە 4,934 تۆنەوە لە 2016 بۆ 13.485 تۆن لە 2018 زیادی كردووە.

ئەحمەد كامیران، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری كشتوكاڵی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە (رووداو)ی گوت: "بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر برنجی خۆماڵی، جارێكی دیكە جووتیاران روویان لە چاندنی برنج كردووەتەوە. پێشتر ساڵانە نزیكەی 6 تاوەكو 8 هەزار دۆنم زەوییان بە برنج دەچاند، بەڵام ئەم رووبەرە لە دوو ساڵی رابردوودا بۆ دوو بەرامبەر زیاد بووە، بۆ نموونە لە ساڵی 2016 رووبەری 6,309 دۆنم زەوی بە برنج چێنراوە، بەڵام لە ساڵی 2018 بۆ 16,171 دۆنم زیاد بووە".

بەپێَی توێژینەوەكان كەشوهەوا و خاكی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ چاندنی برنج، بەڵام ئەم بەرهەمە وەكو پێویست گرنگی پێنەدراوە، ئەمە لەكاتێكدایە برنج خۆراكی سەرەكی زۆربەی دانیشتووانەكەیەتی. 

وەزارەتی كشتوكاڵ 38.5 كیلۆ برنجی بۆ پێویستیی ساڵانەی تاك دیاری كردووە.

 بەپێی داتاكانی دەستەی ئامار، ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان 5 ملیۆن و 895 هەزار كەس بووە. بەو پێوەرە بێت هەرێمی كوردستان بێ ئاوارە و پەنابەران ساڵانە پێویستی بە نزیكەی 227 هەزار تۆن برنجە كە بەرهەمی ناوخۆ نزیكەی 6%ی ئەو بڕە پڕدەكاتەوە.

سەرجەم ئەو جۆرە برنجانەی لەناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دەچێنرێن لە جۆری برنجی خڕی دەنك كورتن، بەڵام بەگوێرەی ناوچەكان ناوی جیاوازی لێنراوە. وەك مەولەوی، بازیان و نەگازە لە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە. بەرازیلی، شەش مانگی و سێ مانگی و سەدری لە پارێزگای دهۆك و هەولێر. 

لەڕووی رووبەری چاندن و بڕی بەرهەمەوە، پارێزگای دهۆك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە پلەی یەكەمدایە. ساڵی رابردوو جووتیارانی ئەم پارێزگایە رووبەری 11.726 دۆنم زەوییان بە برنج چاند و 9.382 تۆن بەرهەمیان هەبوو كە دەكاتە نزیكەی 69.5% كۆی بەرهەمی ساڵی رابردووی برنج لە هەرێمی كوردستان.

لەپارێزگای دهۆك برنج زیاتر لە سنووری قەزاكانی ئاكرێ، بەردەڕەش، شێخان و ئامێدی دەچێنرێ. لەڕووی چاندن و بڕی بەرهەمیشەوە قەزای ئاكرێ لە پلەی یەكەمدایە.

خدر دێوالی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پلان و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی دهۆك، بە داتا باسی زیادبوونی رووبەری چێنراو و بڕی بەرهەمی برنج لە سنووری پارێزگای دهۆك دەكات و دەڵێت: "لە ساڵی 2017 جووتیارانی دهۆك رووبەری 9,764 دۆنم برنجیان چاند و 7,811 تۆن بەرهەمیان هەبوو. ساڵی 2018 رووبەری 11,726 دۆنم برنجیان چاند و 9,382 تۆن بەرهەمیان هەبوو. بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستدان، ئەمساڵ جووتیارانی دهۆك رووبەری 19,764 دۆنم برنجیان چاندووە. بڕشتی برنج بۆ هەر دۆنمێك 800 كیلۆیە، بۆیە پێشبینی دەكەین بەرهەمی ئەمساڵ بەتەنیا لە دهۆك بگاتە زیاتر لە 15,800 تۆن". 

خدر دێوالی دەڵێت: "لەڕێگەی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ برنجی خۆماڵی لە ناوخۆ و دەرەوە، هەروەها زیادكردنی پاڵپشتییەكانمان و هاندانی جووتیاران بۆ چاندنی برنج ، لەهەوڵداین تاوەكو چوار ساڵی داهاتوو رووبەری چێنراو و بڕی بەرهەمی برنج لە دهۆك بۆ دوو هێندەی ئێستا زیاد بكەین".   

لە جیهاندا دوو خێزانی باوی برنج هەن، ئەوانیش خێزانی (جابونیكا و ئیندیكا)یە، كۆمەڵەی جاپۆنیكا زیاتر بۆ كەشوهەوای باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا گونجاوە. بەڵام كۆمەڵەی ئیندیكا لە زەوییە نزمە ئاوییەكانی ئاسیا دەچێنرێ، قەبارەی برنجەكەشی سێ جۆرە (درێژ، مامناوەند، خڕ)، برنجی خۆماڵیش لە جۆری ئیندیكای خڕی كورتە.

زانا محەممەد، بەڕێوەبەری توێژینەوەی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی، دەڵێت: "لە ئەنجامی توێژینەوە دەركەوتووە خاك و ئاو و هەوای كوردستان زیاتر بۆ برنجی جۆری خڕی دەنك كورت گونجاوە. بەڵام لە بانكی بۆماوەیی بەغدا سێ‌ جۆر برنجی كۆنی عێراقیمان دەستكەوتووە، یەكێكیان برنجێكی دەنك درێژی ئۆرگانییە و توێژینەوەمان لەسەر چاندنیان كردووە زۆر گونجاون لەگەڵ كەشی كوردستان و بڕشتی باشە، ئێستا هەوڵی زیادكردنی تۆوەكەی دەدەین".

بەهۆی بەكارهێنانی بنەتۆی باش و ئامێری هاوچەرخ بۆ چاندن و دروێنە، بەرهەمی یەك دۆنم برنج لە وڵاتانی پێشكەوتوو دەگاتە 6 تاوەكو 10 تۆن، بەڵام لە كوردستان تائێستاش بە شێوازی كلاسیكی برنج بەرهەم دێت، بۆیە لە باشترین حاڵەتدا بەرهەمی دۆنمێك لە 1.5 تۆن تێناپەڕێ‌.

زانا محەممەد دەڵێت: "ئەو هۆكارەی وایكردووە بەرهەمی وڵاتان لە یەكەی رووبەر زۆر لە هی كوردستان زیاتر بێت ئەوەیە ئەوان بۆ زیادبوونی بەرهەم دەستكاری جیناتی برنجەكانیان كردووە و بەشێوازی شەتڵ برنج دەچێنن. ئامێری پێشكەوتوو بۆ چاندن و دروێنە و پاككردنی بەكاردەهێنن، بەڵام لە كوردستان تا ئێستاش ئامێری كلاسیك بۆ چاندن و دروێنە و پاككردن بەكاردێت. ئەو برنجانەی جووتیارانی كوردستان دەیچێنن دەستكاری جیناتی نەكراوە و بە تۆو دەیچێنن".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی چوار بازنە.

چوار بازنە؛ کێ لە کێشە و گرفتەکانی قەزای دەربەندیخان بەرپرسیارە؟

بەرنامەکە بە بەشداری هەریەکە لە، رێژەن بورهان، بەربژێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گۆران فەتحوڵڵا شەرەفانی، بەربژێری رەوتی هەڵوێست، رزگار محەممەد، بەربژێری بزوتنەوەی گۆڕان و حەسەن جەباری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو میوانی سەرەکیی تێیدا بەڕێوەچوو.