سوودانی بۆ عەرەب و تورکمانی کەرکووک: تاوەکو 10ـی ئاب حکومەتی خۆجێی پێکبهێندرێت

28-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

14 رۆژی دیکە ئەو وادەیەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکووک دیاریکراوە، کۆتایی دێت؛ ئەندامێکی هاوپەیمانیی عەرەبیش دەڵێت، سوودانی پێیڕاگەیاندوون، دەبێت تاوەکو ئەو وادەیە، حکومەتی خۆجێی پێکبهێندرێت.  

 

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، محەممەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە براوەکانی عەرەب و تورکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە راشکاوی ئەوەی پێڕاگەیاندوون دەبێت پابەندی وادە دەستوورییەکان و ئەو ماوانە بن، کە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک دیاریکراوە.
 
بەپێی سەرچاوەکانی رووداو، سوودانی گوتوویەتی دەبێت تاوەکو 10ـی مانگی داهاتوو، پارێزگاری کەرکووک و سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرانیان دیاری بکرێن.
 
لە دوای هێرشەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـەوە پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە کورد وەرگیرایەوە و درایە عەرەب. راکان جبووری لە نەتەوەی عەرەب بەوەکالەت پۆستەکە بەڕێوەدەبات. 
 
بەپێی مادەی 7ـی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان؛ دەبێت لەماوەی 30 رۆژ لە دوای یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن، پارێزگار و دوو جێگرەکەی هەڵبژێردرێن، کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە رۆژی 11ـی ئەم مانگە کرا. بەو پێیە تەنیا 14 رۆژ بۆ دیاریکردنی پارێزگار و دوو جێگرەکەی ماون.
 
سەلوا میفرەجی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە کۆبوونەوەکەماندا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بە پێویستیی پابەندبوون بە وادە یاساییەکانەوە کرد و بە پێویستی زانی هەموو لایەنەکان بەو بابەتەوە پابەند بن."
 
ئەندامەکەی هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پێشبینی دەکات دوای کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ پێکهاتە و لایەنە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەجیا، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بکرێت و لەو کۆبوونەوەیە بڕیاری کۆتایی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووکەوە بدرێت.
 
سوودانی سێجار لەگەڵ پێکهاتە و لایەنە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەتەوە، لە هەفتەی رابردووەوە کۆبوونەوەی لەگەڵ پێکهاتەکان دەستپێکردووە، رۆژی 25ـی تەممووزی 2024 سوودانی لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەى عەرەب لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە، رۆژی شەممە 27-07-2024 لەگەڵ نوێنەرانی نەتەوەی تورکمان کۆبووەوە.
 
پەروین فاتیح، ئەندامی کوردی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، هێشتا وادەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران و فراکسیۆنە کوردییەکانی ئەنجوومەن دیارینەکراوە، گوتیشی "بەپێی یاسا؛ دەبێت لەماوەی ئەو 30 رۆژی دیاریکراوە، پارێزگار و دوو جێگرەکەی دیاری بکرێن، دانوستاندن بەردەوامە، بەڵام هێشتا رێککەوتنی کۆتایی دیار نییە."
 
11ـی تەممووز ئەنجوومەنى پارێزگا یەکەم کۆبوونەوەى کرد، بەپێی یاسا دەبێت لە ماوەى 30 رۆژدا پارێزگار هەڵبژێردرێت، رۆژی 21ـی کانوونى دووەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکانى پەسند کرد، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەیتوانیوە پارێزگار هەڵبژێرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە