ئاسایشی سلێمانی وێنەی "بکوژ"ـی چایچییەکە بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند "بکوژی" ئەو هاونیشتمانییەیان دەستگیرکردووە کە شەوی رابردوو کوژرا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ (یەکشەممە، 28-7-2024) رایگەیاند "پاش ئەوەی کاژێر 9:30ـی شەوی 27-7-2024 لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی دروست دەبێت، بەداخەوە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی كاسبكاريك."
ئاسایشی گشتیی سلێمانی وێنەی تۆمەتبارەکەی لەگەڵ راگەیێندراوەکە بڵاوکردووەتەوە و دەشڵێ راستەوخۆ هێزەکانی ئاسایش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و تۆمەتبار دەستگیرکرا، "هاوەڵەکەشی لەلایەن هێزەکانی کۆماندۆی كوردستانەوه بەتۆمەتی هاوکاریکردنی بکوژەکە، رادەستی دەزگاى ئاسایش کرا."
رووداوەکە چۆن روویدا؟
لە رووداوێکی تەقەکردندا لە سلێمانی، شەوی رابردوو کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش بە گوللە بریندار بوو. کوژراوەکە ناوی ئاری رزگارە و پیشەی چایچی بووە.
رووداوی تەقەکردنەکە لە گەڕەکی راپەڕین روویدا، لە شوێنێک کە پێی دەگوترێت شوێنی لەفەفرۆشەکان.
تەرمی چایچییەکە شەوی رابردوو راستەوخۆ گەیێنرایە داد پزیشکیی سلێمانی. ئاری گوللـەیەک بە سەری کەوتبوو و هەر لە شوێنی رووداوەکەدا گیانی لەدەستدابوو، هاونیشتمانییەکەی دیکەش بە برینداری گەیەنرایە نەخۆشخانەی شار، "بریندارەکە گوللە بە قاچی کەوتووە و مەترسی لەسەر ژیانی نییە."
یەکێک لە شاهێدحاڵەکان کە لە نزیک چایچییەکە کاردەکات و لە ساتی رووداوەکەدا لەو شوێنە بووە، شەوی رابردوو لەبەردەم دادپزیشکییەوە بە بە رووداوی گوت، "خەریکی کار و کەسابەت بووین، کاتێک کەسەکە هات و دەستی بە جوێندان کرد، ئێمە بەرگریمان لە خۆمان کرد، کە دووریبخەینەوە، بەڵام قسەی نەدەبیست و دەستی کرد بە تەقەکردن."