حەشدی تورکمانی هەڵدەوەشێندرێتەوە و بەرپرسەکەشی دووردەخرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارێکی دەستەی گشتیی حەشدی شەعبی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی تورکمانی و دوورخستنەوەی بەرپرسی هێزەکە لە پۆستەکەی، ناڕەزایەتیی بەشێک لە تورکمانەکانی پارێزگاکانی کەرکووک و سەڵاحەدینی لێدەکەوێتەوە.
 
دەستەی حەشدی شەعبی، رۆژی هەینی 26ـی تەمموزی 2024، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەیی باکووری (هێزی تورکمان)ـی دا کە هێزێکی تایبەت بە تورکمانە شیعەکانی پارێزگاکان سەڵاحەدین و کەرکووکە. هەروەها ئەبو رەزا نەجاڕ، بەرپرسی هێزەکە کە فەرماندەی میحوەری باکووری هێزەکەیە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.
 
بڕیارەکە، ناڕەزایەتیی بەشێکی زۆری لایەنەکانی تورکمان بەتایبەت شیعەکان لە کەرکووک و سەڵاحەدینی لێکەوتەوە. ژمارەیەک حیزب و لایەنی سیاسیی تورکمان داوا لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، عەلی سیستانی، مەرجەعی شیعە، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکەن دەستوەردان بکەن و بڕیارەکە رابگیرێت.
 
عەلی قاسم بەیاتی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی فراکسیۆنی مونتەسیرون لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت "ئێمە، دژی بڕیارەکە دەوەستینەوە، چونکە بەرپرسی هێزەکە هێمایەکە بۆ هاوسەنگی و بەرخودان، جگە لەوە گواستنەوەی هێزەکەی تورکمان بۆ سەر هێزێکی دیکە ناهەقییە بەرامبەر بە قوربانیدانی تورکمانی پارێزگاکانی سەڵاحەدین و کەرکووک."
 
عەلی قاسم بەیاتی، کە تورکمانە دەڵێت، ژمارەیەک هەنگاویان دەبێت و چاوەڕوانن لە بەغداوە لە دژی ئەو بڕیارە هەندێک جوڵە بکرێت.
 
بەهۆی بڕیارەکەوە، ئەمڕۆ لە کەرکووک و خوورماتوو خۆپێشاندانیان کرد و بەشێک لە چەکداران و لایەنگرانی ئەو هێزە رێگەیان گرت.
 
فەرماندەی میحوەری باکوور(هێزی تورکمان) لە دەستەی حەشدی شەعبی، لەساڵی 2014 دامەزراوە، ژمارەیەک هێزی چەکداریی لە چوارچێوەی لیوای 16ـی حەشدی شەعبیدا هەیە، کە لە پارێزگاکانی کەرکووک و سەڵاحەدین بڵاوبوونەتەوە.
 
هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزەی حەشدی شەعبی لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو دادگەیەکی بەغدا بڕیاری ئازادکردنی چوار چەکداری حەشدی تورکمانی دا، کە بە هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر تۆمەتبار کرابوون.