حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنوێنیی نوێی بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی زەویی فەرمانبەران دەرکرد

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنوێنیی نوێی بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی زەویی فەرمانبەران دەرکرد و تێیدا هاتووە: "خزمەتی کردەیی بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكە هەژمار دەكرێت لەگەڵ خزمەتی گرێبەست، پارێزەرایەتی، هاوسەر و ئەو منداڵانەش، كە لای دایك و باوك ماون و شوویان نەكردووە و ژنیان نەهێناوە."
 
رۆژی یەکشەممە، 28ی 7ی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی رێنوێنیی نوێی بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی زەویی فەرمانبەرانی بڵاوکردەوە. لە نووسراوەکەدا روونیکردووەتەوە کە "رێنوێنی رەوانەی فەرمانگەکان کراوە و وردەكاریی پڕكردنەوەی فۆڕمەكە بۆ فەرمانبەران روونكراوەتەوە؛ لەگەڵ هەژماركردنی خاڵەكان، ساڵانی خزمەت و ئەو كەسانەی خاڵیان بۆ هەژمار دەكرێت."
 
ئەمە لەکاتێکدایە، دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کە بڕیاریدا زەوی بە فەرمانبەرانی بدات؛ وەزارەتی شارەوانی، فۆڕمی وەرگرتنی زەوی ئاراستەی فەرمانگەكان كرد؛ بەشێكی لە بەڵێننامەی فەرمانبەر پێکهاتووە سەبارەت بە ئەوەی پێشتر سوودمەند نەبووە.
 
بەپێی ئەو رێنوێنییە، "خزمەتی کردەیی (فعلی) بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكە هەژمار دەكرێت؛ لەگەڵ خزمەتی گرێبەست، پارێزەرایەتی، هاوسەر و ئەو منداڵانەیش، كە لای دایبابیان ماون و هاوسەرگرییان نەکردووە."
 
لە بڵاوکراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردساتاندا ئەوەیش روونکراوەتەوە کە "ئەو فەرمانبەرانەی خزمەتیان لە 8 ساڵ زیاترە، دەتوانن فۆڕم پڕبكەنەوە و بۆ هەر ساڵێكی خزمەت بە خاڵێك هەژمار دەكرێت. فەرمانبەرەكە و هاوسەرەكەی هەریەكەی خاڵێک هەژمار دەكرێت."
 
جگە لەوەش، "ئەگەر ژن و مێرد هەردووكیان فەرمانبەر بوون، ئەوەیان خزمەتی زیاترە فۆڕمەكە پڕدەكاتەوە و ئەوی تریان پشتگیری فەرمانگەكەی دەهێنێت و خزمەتەكەیان كۆدەكرێتەوە." جەخت لەوە كراوەتەوە، "پڕكردنەوەی بەڵێننامە، پێویست ناكات پولی دارایی لێوەربگیرێت."
 
لە 27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون، بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
رێنماییەکە لە پێنج مادە پێکدێت، لەوانە مەرجی ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، رووبەر، شوێن و نرخی زەوییەکان.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت. نرخی زەوییەکان بەپێی رێنماییەکە بەم شێوەیە دەبێت:
 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو پارێزگا 5 هەزار دینار دەبێت
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو قەزاکان 3 هەزار دینار دەبێت 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو ناحیەکان 2 هەزار دینار دەبێت 
 
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە ئەگەر رووبەری زەوییەکە زیاتر بوو لەوەی تەرخانکراوە، ئەوا لەلایەن لیژنەوە بە نرخی رۆژ دەخەمڵێندرێت.
 
بە گوێرەی رێنماییەکان، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی لەدایکبوون.