نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە شێخ نەهرۆ کەسنەزانی دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە شێخ نەهرۆ کەسنەزانی دەکات و دەڵێت "هاوسۆز و هاوخەمیانم."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت: "پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی قووڵم ئاراسته‌ی به‌ڕێز شێخ نه‌هرۆ که‌سنه‌زانی و خانه‌واده‌ به‌ڕێزه‌که‌یان ده‌که‌م بۆ کۆچی دواییی خوالێخۆشبوو غاندی شێخ محه‌ممه‌دی برایان و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، هاوسۆز و هاوخه‌میانم."
 
دەشڵێت: "له‌ خوای مه‌زن داواکارم گیانی خوالێخۆشبوو به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنه‌وایی به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت." 
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى ئەو پەرمانتارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ى تەممووز، هەواڵى کۆچى دوایی بڵاوکردەوە. 
 
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە پەرلەمانى عێراق بە تۆرى میدیایی رووداوى گوت: "مردنەکەى بەهۆى جەڵتەى دڵەوە بووە".     
 
غاندى کەسنەزانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بوو لە لەسەر لیستى تەقەدووم، لە ساڵى 2021 بووە پەرلەمانتار و ئەندامى فراکسیۆنى موبادەرەى سوننە بووە.
 
ئەو پەرلەمانتارە لە دایکبووى ساڵى 1972 بوو، کوڕى شێخ محەممەد عەبدولکەریم کەسنەزانى، رێبەری پێشووى تەریقەتی قادری – کەسنەزانی بووە. 
 
غاندى کەسنەزانى کوردە و بڕوانامەى دکتۆراى لە یاسای نێودەوڵەتى هەبووە.